رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر هۆکاری دابەزینی دەنگەکانی بزووتنەوەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ بایکۆتکردنی پرۆسەکە لەلایەن هاونیشتمانییانەوە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، هاوپەیمانیی کوردستان هیچ سوودێکی بۆیان نەبووە.
لەمیانی رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداودا بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کارزان گەردی، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر قسەی بۆ دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو کرد و لەبارەی هۆکاری بەدەستنەهێنانی کورسی لەلایەن بەربژێرانی گۆڕانەوە رایگەیاند، دایاننابوو لە هەولێر دوو کورسی بەدەستبهێنن، بەڵام هیچ کورسییەکیان بەدەستنەهێناوە.
کارزان گەردی دەڵێت، "لەسەر ئاستی هەولێر دەنگمان بەدەستهێناوە، بەڵام کورسیمان بەدەستنەهێناوە؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بایکۆت هەبوو و ئەوە کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی دەنگی هەموو حیزبە سیاسییەکان هەبووە. دەنگی پارتی 300 هەزار و دەنگی یەکێتی نزیکەی 200 هەزار کەمیکردووە و تەنیا دەنگی یەکگرتووی ئیسلامی زیادیکردووە".
ئەو بەرپرسەی گۆڕان دەڵێت، دواتر بە وردەکارییەوە قسە لەسەر هۆکاری شکستیان لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن و جارێ قسە لەسەر ئەوە ناکەن کە پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هەڵە بووە یان راست، بەڵام "هیچ قازانجیان لەو هاوپەیمانییە نەکرد و زەرەریان کرد".
کارزان گەردی رەتیدەکاتەوە ئەو شکستە ببێتە هۆی شکستی یەکجاریی بزووتنەوەی گۆڕان و دەڵێت، "سیاسەت تەنیا بریتی نییە لە بەشداریکردن لە حکومەت و پەرلەمان. راستە لەم قۆناخەدا کورسیمان بەدەستنەهێناوە، بەڵام پرۆژەمان هەیە و خاوەنی بیرۆکەی خۆمانین و خاوەنی رەوایی سیاسیی نەوشیروان مستەفاین. وەکو یاریی تۆپی پێ وایە، ئێمە لە یارییەکەدا شکستمان خواردووە، بەڵام گۆڕانکاری دەکەین و پێکهاتە و راهێنەر دەگۆڕین و بە دیوێکی دیکەوە دێینەوە نێو گۆڕەپانی سیاسی و یاری خۆمان دەکەین".
ئەم گوتانە لە کاتێکدان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانییەکیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەناوی هاوپەیمانیی کوردستان پێکهێنا؛ هاوپەیمانییەکە نزیکەی 15 کورسیی بردووەتەوە، بەڵام هەموویان بەربژێرەکانی یەکێتین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ