رووداو - سلێمانی
مانگێكی تەواو بەسەر تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەنێو حكومەت و پەرلەمان تێپەڕی، یەكێتی نیشتمانی كوردستان كەزۆر كەس بۆ ئاسایكردنەوەی ئەو دۆخە پێیوابوو حیزبی یەكلاكەرەوەیە، بۆ گەشتێكی سیاسی خۆی ئامادەكردووە و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستی پێبكات.
ئەندامێکی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێـتی دەڵێت چەپڵە بەدەستێك لێنادرێ.
قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژە بەوە دەکات: " ئێمە وەكو یەكێتی بەرنامەمان هەیە لەگەڵ هەر پێنج پارتەكە و دواتریش لەگەڵ پارتی و گۆڕان كۆدەبینەوە، ئەوەی پێمان بكرێت دەیكەین، چونكە هەموومان دەزانین بۆ ئەو كێشانە دەبێت دواجار بگەڕێینەوە بۆ كۆبوونەوە و دانووسان"
دوای چەندین لێدوان و هەڵوێسی توند، هەفتەی رابردوو هەفتەی قسەی خێری پارتی و گۆڕان بوو، کاردۆ محەممەد كە لەخوولی پێشوودا پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان بوو، بۆ چارەسەركردنی یەكجاری تەواوی پرسە كێشەلەسەرەكان پڕۆژەیەكی ئاڕاستەی بزووتنەوەكەی كردووە.
پڕۆژەكە پێكهێنانی ئەنجوومەنێكە بەناوی ئەنجوومەنی دانایان و لە هەر پارێزگایەک 3كەس بەهەڵبژاردن دەبنە ئەندام تێیدا، دوو ئەندامیش لە مەسیحی و توركمانەكان و 5 كەسایەتی 5پارتەكەش بەبێ هەڵبژاردن دەبنە ئەندام.
كاردۆ محەممەد، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لەخوولی پێشووی پەرلەمان دەڵێت " كارەكانی ئەم ئەنجوومەنە زیاتر بۆ هاوكاری پەرلەمانە لەپرسی دەستوور و سیاسەتی گشتی و پەیوەندییەكانی ناوەوە و دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی. كە ئەمانە دەبنە پاڵیشت بۆ پەرلەمان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ