گەورەترین پارکی نەینەوا لە باشیک دەکرێتەوە و رووبەرەکەی زیاتر لە 14 دۆنمە
رووداو دیجیتاڵ
گەورەترین پارکى نەینەوا لە ناحیەى باشیک دەکرێتەوە کە رووبەرەکەى زیاتر لە 14 دۆنمە. پرۆژەکە لەسەر بودجەى یاساى پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دروستکراوە.
(پارکى نموونەیی باشیک) 10ى تشرینى دووەم لە ناوەندى ئەو ناحیەیە کرایەوە کە کوردى ئێزدى و کریستیان زۆرینەى دانیشتووانەکەى پێکدەهێنن.
غەزوان داوودى، بەڕێوەبەرى ناحیەى باشیک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رووبەرى پارکەکە زیاتر لە 14 دۆنمە و گەورەترینە لە نەینەوا.
کافتریا، چێشتخانە و فوارە لە پارکەکەدا هەن. پارکەکە لە شوێنێک دروستکراوە کە پێشتر شوێنى کۆکردنەوەى زبڵ بوو.
غەزوان داوودى گوتى، "گوژمەی دروستکردنی ئەو پارکە ملیارێک و 650 ملیۆن دینار بوو، لەسەر بودجەى یاساى پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دروستکراوە."
پەرلەمانى عێراق لە 8ى حوزەیرانى 2022 یاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراکى وەکو جێگرەوەى یاساى بودجەى گشتیى پەسند کرد، کە بودجەکەى 25 تریلیۆن دینار بوو.