بازاڕی سەگی ئەوروپی لە سلێمانی گەرمە

11-12-2014
ژیان سابیر
نیشانەکردن سەگی ئەوروپی
A+ A-

رووداو-  سلێمانی

دووكانی ئاژەڵە هاوردەكراوەكان و بەتایبەتی ئەو سەگە بچووكانەی لە ماڵان رادەگیرێن، بۆ كاروان وەك دووكانی بۆنفرۆشی وایە "ئەگەر بۆنیش نەكڕیت بۆنت بۆ دێت" ئەو بەپێكەنینەوە دەڵێ‌ "ئەو سەگانە گرانن و بەمن ناكڕدرێن، بەڵام چێژ لەسەیركردنیان دەبینم".

 كاروان زۆرجار سەردانی ئەو شوێنە دەكات بۆئەوەی بزانێ‌ چ سەگێكی نوێ‌ هاتووە. ئێستا لە سلێمانی بازاڕی سەگ گەرمە. لە فولكەی خاڵەحاجی یەكێك لە دووكانەكان كە خەڵكێكی زۆر رووی تێدەكەن، زیاتر لە پێشانگایەكی باڵندە و ئاژەڵ دەچێ. خاوەنی ئەو دووكانە پەنجە بۆ سەگێكیان رادەكێشێ و دەڵێ‌ "ئەوە زۆر عاقڵە".   

شوان شارۆخ، ماوەی ساڵێكە دەستی بەو كارە كردووە، سەرەتا دەیزانی كە دەبێ‌ لەكارەكەی ئارام بگرێ‌، چونكە سەگ راگرتن لەماڵەوە بۆ زۆربەی خەڵك نامۆ بوو. بەڵام ئێستا دەتوانێ‌ دڵی بە بازاڕەكەی خۆشبێت و دەڵێ‌ ئەو سەگانەی لێرە هەن نزیكەی 9 جۆرن، ئەم سەگانە لە وڵاتانی دەرەوە دەهێنرێن و دەگمەنن، بەپێی جۆرەكان نرخەكانیان دەگۆڕێت، بەپێی جوانی رووخساریان یان بەپێی ژیریی سەگەكە نرخەكان دەگۆڕێن".

شوان دەڵێت ژیریی سەگ گرنگترین شتە بۆ دیاریكردنی نرخ "چونكە سەگی وا هەیە یەكجار شتێكی پێدەگوترێت ئیتر دووبارەی ناكاتەوە". لە كوردستان سەگی بەرەڵا زۆرن، بەڵام كەس بەدوای ئەو سەگانە ناكەوێ‌ و تەنانەت خەڵك وەك سەرچاوەی مەترسی سەیریان دەكەن و لەخۆیانی دووردەخەنەوە. ئەو سەگانەی ئەمڕۆ لەبازاڕ دەفرۆشرێن، لەگەڵ ئەوان تەنیا لە ناوەكانیاندا چوونیەكن.

نرخی سەگەكانی دووكانەكەی شوان لە نێوان 200 – 1500 دۆلاردایە و مانگانە 60 سەگ دەفرۆشێت. شوان شارۆخ باسی چۆنێتی هێنانیان دەكات و دەڵێ‌ لە توركیاوە دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان "پاسپۆرتی خۆیان هەیە و لێرە دەفتەری تەندروستییان بۆ دروستدەكرێت، پزیشكی پسپۆڕ دوو هەفتە جارێك بۆ چاودێریی تەندروستی ئەو سەگانە سەردانمان دەكەن. دەرمان و خواردنیشیان لە توركیاوە دەهێنین".

هێشتا شوان پێیوایە نرخی سەگەكانی زۆر كەمن و دەڵێ‌، هەرچەندە لەئەوروپاوە دەهێنرێن، بەڵام لێرە هەرزانترن "ئەو سەگەی لێرە بە 1500 دۆلارە، لە دەرەوە بە  5 هەزار دۆلارە، هەندێك كەس لێرە ئەو سەگانە دەكڕن و لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە بۆ دەرەوە، خەڵكی بیانیش دێن بۆ كڕینی سەگ كە لەبەر گرانیی نرخەكانیان لە وڵاتەكەی خۆیان نایكڕن".

"جولی نزیكترین هاوڕێمە، زۆر جار لەگەڵ جولی دادەنیشم و قسەی دڵی خۆمی بۆ دەكەم". سانا محەممەد، سەگە سپییە توكنەكەی خۆی ناوناوە جولی، ئەو كچە تەمەن 18 ساڵە دەڵێ ماوەی دوو ساڵە ئەو سەگەی كڕیوە و هەر لەمنداڵییەوە حەزی كردووە سەگێكی هەبێت "بۆیە ئەو سەگەم كڕی و خۆم ناوی جولیم بۆ هەڵبژارد".

سانا و سەگەكەی وەك خۆی باسیدەكات بوونەتە دوو هاوڕێی زۆر نزیكی یەك "تەنانەت لەیەك جێگاشدا دەنوین". ئەو 600 دۆلاری بەو سەگە داوە و دەڵێت "لەبەرئەوەی رەنگەكەی سپییە و بچووك و توكنە، نرخەكەی گران بوو".  

ئەو 9 جۆر سەگەی لە دووكانەكەی شوانن، هەریەكەیان ناوێكیان هەیە: (هاسكی، پیتبۆڵ، ودوایلەر، شیواوا، پوو، مالاتوای، گەرم شیپەر و پۆتیەر). ئەوەی خەڵك زۆرتر حەزی لێیە ئەو جۆرەیە كە بۆ جوانی بەكاردەهێنرێت، رەنگیان سپییە و گەورە نابن و قەبارەیان وەك خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام جۆرێكی دیكەش كە بە (هاوشار) ناسراوە، خەڵك بۆ پاسەوانی دەیكڕن.

د.عەبدولقادر رەشید، پزیشكی ڤێترنەری لە سلێمانی دەڵێ‌ ئاماری تەواوی لانییە ساڵانە چەند سەگی لەو جۆرە دێتە كوردستان، بەڵام گوتی "ساڵانە لە نۆڕینگەكەم نزیكەی 1500 سەگ دەكوتم".
د.عەبدولقادر رەشید، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی دەیانەوێ‌ رێكخراوێك بەناوی (ئاژەڵپارێزی) دروستبكەن و مەبەستیشیان پاراستن و دابینكردنی شوێنە بۆ سەگە بەرەڵڵاكانی كوردستان "شوێنیان بۆ دابین بكەین و پەروەردەیەكی باشیان بكەین و جووتبوونیشیان رێكبخەین، تاوەكو جیناتی ئەو سەگانە بمێنێتەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە