رووداو دیجیتاڵ
هەینی رابردوو چەند کەسێک کە خۆیان وەک ئەندامانی سەرکردایەتی لەنێو هاوپەیمانیی نیشتمانی ناساند رایانگەیاند کە ئارام قادری سەرۆکی هاوپەیمانییەکەیان لاداوە و مافی ئەندامبوونیشی نەماوە. گوتەبێژی هاوپەیمانیی نیشتمانیش دەڵێت: هیچ ئۆرگانێکی سەرکردایەتییان نییە تا مافی بڕیاردانی هەبێت و کێشەمان نییە و ئارام قادریش هەر سەرۆکە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رۆژی هەینی 9-12-2022 چەند کەسێک بەناوی "سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی نیشتمانی" راگەیێندراوێکیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوە نێوخۆی و نێودەوڵەتییەکان خوێندەوە و رایانگەیاند "ماوەی ساڵێکە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی سەرجەم کار و چالاکی و کۆبوونەوەکانی راگرتووە و حیزبەکەمان لە حیزبێکی مۆدێرن و چالاکەوە بووەتە حیزبێکی بێ بەرنامە و بێ بارەگا."
لە وەڵامی ئەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا گوتەبێژی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە راگەیێندراوێکدا کە بۆ رووداوی ناردووە دەڵێت "چەندکەسێک بەناوی دەڤەر و دامەزراوەکانی هاوپەیمانیی نیشتمانی بەیاننامەیەکی پڕ چەواشەکاریان بڵاوکردوەتەوە کە زۆر دوورە لە راستییەوە، بۆ ئاگاداری هەموولایەک هاوپەیمانی هیچ ئۆرگانێکی نییە بەناوی سەرکردایەتییەوە تا کۆبوونەوە بکات و مافی بڕیاردانی هەبێت."
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی هاوپەیمانیی نیشتمانییدا هاتووە "ئەو جوڵەیە پێچەوانەی رەوت رێسای هاوپەیمانیی نیشتمانییە، هاوپەیمانی ئێستا سەرقاڵی دانانی ليژنەیە بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ و ئامادەسازی دەکات بۆ بەستنی کۆنگرە کە ئەوە تاکە رێگەی یاساییە بۆ گۆڕانکاری ناوخۆیی."
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا ئەوانەی خۆیان بە ئەندامانی سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی نیشتمانی ناساندبوو گوتیان کە "بڕیاریانداوە بە لادانی ئەیوب نیعمەت ناسراو بە ئارام قادر لە سەرۆکی هاوپەیمانی و ناوبراو مافی بە ئەندامبوونی لەدەستداوە."
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نیشتمانی ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو کەسانەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیان کردووە "زۆر بەیان نەناسراون و هیچ پێگە و پۆستێکیان نییە لەناو هاوپەیمانیدا" پێیوایە کە ئەم هەوڵانە "بۆ دروستکردنی پشێویە و ترسانە لە کۆنگرە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی هاوپەیمانی نیشتمانیدا هاتووە "خەڵک و هاودیدان دڵنیادەکەینەوە کە ئەو بانگەشەی کردویانە نە لە ئاستی ئەواندایە و نە کاری ئەوانە و هەموو دامەزراوەکانی هاوپەیمانی کاری ئاسایی خۆی دەکات و بەردەوامە لە پرۆژە نیشتمانییەکەیدا لە خزمەتکردن بە خەڵکی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ