رووداو دیجیتاڵ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەبارەی چەند لێدوانێکی ئەم دواییەی مەلا مەزهەر خۆراسانی، سکاڵا لەسەر مامۆستای ئایینییەکەی شاری هەولێر تۆمار دەکات و قسەکانی بە "بێڕێزیکردن بە ئافرەتان" ناودەبات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بەداخەوە مامۆستایەکی ئایینی لە شاری هەولێر، بە ناوی (مەلا مەزهەر تاهیر)، لە کەناڵێکی میدیایی لێدوانێکی بڵاوکردووەتەوە و بێڕێزییەکی زۆر بە ئافرەتان و رۆڵ و پێگەی ئافرەت دەکات. ناوبراو لە روانگەیەکی تەسکەوە رۆڵی ئافرەتی کەم کردووەتەوە لە ماڵەوە و وەک خزمەتکارێک وێنای کردووە کە ئەرکەکەی تەنیا لە ماڵەوەیە."
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەشڵێت: "ئەو گوتانەی ناوبراو بە تەواوی دژی بنەما ئایینەکانە و پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و شکۆی ژنانە؛ بۆ ئەو مەبەستە دەستەی مافی مرۆڤ لە رێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو کەیسە دەجوڵێنێت و ناوبراو رووبەڕووی یاسا دەکاتەوە. لەبەر ئەوەی گوتەکانی مەلا مەزهەر دژی مادەی 14ی دەستووری عێراقە کە ئەم مادەیە بە روونی باس لەوە دەکات کە یەکسانی هەیە لە نێوان ژن و پیاو."
هاوکات، باس لەوە دەکات، "جگە لەوەش هیوادارین وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان رێکاری پێویست بگرنە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەکانەوە. بەتووندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین و ئیدانەی دەکەین، بە رێزەوەش رۆڵی ژنان سەیر دەکەین و بەرز دەنرخێنین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ