سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە و باسی نامەکەی کۆسرەت رەسوول دەکات

رووداو - هەولێر 
 
هەرچەندە شەوی رابردوو کۆسرەت رەسوول، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی بڕیاری هەڵپەساردنی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی دابوو، بەڵام ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حیزبە دەڵێت، ئەمڕۆش کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا باسی ئەو نامەیەی كاك كۆسرەت دەكرێت".
 
رۆژی سێشەممە 11-2-2020 ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی ژمارەیەكی دیكە لە ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی پەسند كرد ‌و لە چوارچێوەی سیستەمی هاوسەرۆكییدا دەنگی لەسەر دیاریكردنی دوو كەس بۆ سەرۆكایەتیكردنی یەكێتی دا. 
 
هەرچەندە ناوی بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بۆ هاوسەرۆکی یەکێتی دێن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمی لەلایەن ئەو حیزبەوە ناوەکانیان بەفەرمی رانەگەیێندراوە.