‎بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی سەردانی كۆسرەت رەسوول دەكەن

رووداو - هەولێر 

‎بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی سەردانی كۆسرەت رەسوول دەكەن، ئەمەش دوای ئەوەی کە شەوی رابردوو کۆسرەت رەسوول، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی بڕیاری هەڵپەساردنی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی دا.
 
کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بەردەوامن و ئەمڕۆش جارێکی دیکە لەبارەی پەسەندکردنی چەند ماددەیەکی دیکەی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکەیان و بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نامەکەی کۆسرەت رەسوول کۆبوونەوە. 
 
مەسعود مەلا هەمزە، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆسرەت رەسوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 12-2-2020  لە شاری سلێمانی هەریەك لە  بافڵ تاڵەبانی ‌و لاهوور شێخ جەنگی، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی سەردانی كۆسرەت رەسوول، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی یان كرد".
 
سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆسرەت رەسوول  دەڵێت " کۆبوونەوەکە سەبارەت بە دۆخی ئێستای یەكێتی ‌و كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتییە، بەتایبەت دوای ناردنی نامەكەی كاك كۆسرەت بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی".
 
رۆژی سێشەممە 11-2-2020 ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی ژمارەیەكی دیكە لە ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی پەسند كرد ‌و لە چوارچێوەی سیستەمی هاوسەرۆكییدا دەنگی لەسەر دیاریكردنی دوو كەس بۆ سەرۆكایەتیكردنی یەكێتی دا. هەرچەندە بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی ناویان بۆ هاوسەرۆکی یەکێتی دێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن ئەو حیزبەوە ناوەکانیان بەفەرمی رانەگەیێندراوە.