رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مار پۆڵسى سێيهم نۆنا کرد، بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک پاتریارکی نوێی کەنیسەی کلدانی لە جیهان و جەختی لە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ مافی پێکهاتە ئایینییەکان کردەوە.
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ (12ی نیسانی 2026) بڵاوکرایەوە، نێچیرڤان بارزانی "گەرمترین پیرۆزبایی" ئاراستەی پاتریارکی نوێ کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە "ئەرکە پیرۆز"ـەکەیدا بۆ خواستووە لە خزمەتکردنی کەنیسە و پەیڕەوانی کەنیسەی کلدانی دا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مار پۆڵسى سێيهم نۆنای وەک "کەسایەتییەکی ئایینیی ناسراو و خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەند" وەسف کردووە و هیوای خواستووە هەڵبژاردنی ئەوان ببێتە مایەی خێر و قووڵکردنەوەی زیاتری گیانی لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن لەنێوان هەموو پێکهاتەکان دا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە پەیامی دڵنیایی داوەتە پێکهاتەکان و رایگەیاندووە: "دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانکەی پارێزراوی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان دەمێنێتەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پشتیوانی تەواوی هاووڵاتییانی مەسیحی دەبن لە پاراستنی ماف، ناسنامە و مێژووی رەسەنیان، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لەسەر ئاستی عێراقیشدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ