کەشناسی: پێشبینی دەکرێ سبەیش بارانبارین بەردەوام بێت

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی بارانبارین بەردەوام دەبێ. کەشناسێک پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ و سبەی لە چەند ناوچەیەک تەرزە ببارێ و سێشەممە کەشەکە "تەواو ئاسایی" ببێتەوە.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەکاتی جیاوازدا بارانبارین زۆرینەی باشووری کوردستان دەگرێتەوە، لەوانە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، گەرمیان و دەشتی شارەزوور.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی رایگەیاند: "ئەگەری بارانبارین لە ناوچە جیاکان هەیە، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان. لە نیوەڕۆدا پێشبینی نمەبارانی کەم بۆ سەنتەری پارێزگاکان دەکرێ".
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەپۆلەکە سبەی لە هەندێک ناوچە ناوبەناو بەردەوام دەبێ. سێشەممە کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە و تاوەکو هەینی کەش لەباردەبێ".
 
وەک کەشناسی پێشبینی کردبوو، ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان تەرزە باری، بەتایبەت لە هەولێر و دەوروبەری. بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، "ئێوارەی ئەمڕۆ و سبەی ئەگەری بارینی تەرزە لە بەشێکی هەرێمی کوردستان هەیە".
 
بە گوێرەی کەشناسی، پلەی گەرما سبەی بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر؛ 18 پلەی سیلیزی 
پیرمام؛ 14 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 16 پلەی سیلیزی 
حاجی ئۆمەران؛ 9 پلەی سیلیزی 
سلێمانی؛ 17 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ؛ 19 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 18 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 19 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە؛ 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 19 پلەی سیلیزی