رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرانی پێکهاتەی عەرەب لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، فراکسیۆنێکیان بە ناوی (فراکسیۆنی عەرەبی) پێکهێنا و راکان سەعید جبوورییان بە سەرۆکی فراکسیۆنەکە دەستنیشان کرد. گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە پارێزگای کەرکووک دەڵێ، ئامانج لێی یەکخستنی نێو ماڵەی عەرەبە و پەیامێکە بۆ هاووڵاتییانی عەرەب.
بە گوێرەی بەڵگەنامەیەک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رۆژی 7ی ئایاری 2024 نوێنەرانی پێکهاتەی عەرەب لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەتەوە و لەسەر پێکهێنانی (فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک) رێککەوتوون و بە کۆی دەنگ بڕیاریان داوە راکان سەعید جبووری وەک سەرۆکی فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەستنیشان بکرێ.
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئایاری 2026 هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، ئامانج لەو هەنگاوە دانانی چوارچێوەیەکی یەکگرتووە بۆ کارکردن و هاوئاهەنگی لەنێوان ئەندامەکانی فراکسیۆنەکە و فراکسیۆنەکانی دیکەی ئەنجوومەنەکە.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، هەنگاوەکەیان بۆ یەکخستنی نێو ماڵی عەرەبی و پاراستنی یەک ریزی و کاری پێکەوەییە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش نزیک بووەتەوە، بۆیە هەوڵ دەدرێ یەک ریزی فەراهەم بێت و پەیامێک بدرێتە هاووڵاتییانی عەرەبی لە کەرکووک.
بەگوێرە بەڵگەنامەکە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم فراکسیۆنە "یەکخستنی هەڵوێستەکان و هاوئاهەنگیی کارە سیاسی، کارگێڕی و یاساییەکانە کە پەیوەستن بە کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا، بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی گشتی و ماف و شایستەکانی پێکهاتەی عەرەب لە کەرکووک بپارێزرێ."
فراکسیۆنی عەرەبی چاودێریی "شایستە تایبەتەکانی پێکهاتەی عەرەب لە هەموو دامەزراوە کارگێڕی و ئەمنییەکان دەکات و کار بۆ چەسپاندنی هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکان لە فەرمانگەکانی پارێزگاکەدا دەکات."
بەڵگەنامەکە واژۆی هەر شەش ئەندامە عەرەبەکەی لەسەرە: راکان سەعید جبووری، ئەحمەد عەبدولواحید، رەعد ساڵح حوسێن، زاهیر ئەنوەر عاسی، روئا جبووری و محەممەد ئیبراهیم حافز.
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا. ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە. یەکێتی پێنج کورسی، پارتی دوو کورسی و کۆتای کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی. پێکهاتەی عەرەبی شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ