ژینگەی هەولێر: ئەو ئاوانەی پشکنینمان بۆ کردوون شیاون بۆ خواردنەوە و بەکارهێنان
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مانگی رابردوو زیاتر لە دوو هەزار و 500 پشکنینی جۆراوجۆر بۆ خاک و ئاوی هەرێمی کوردستان کراوە. بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت، "لە ئەنجامی پشکنینەکان ئاوی سنوورەکەمان شیاو بوون".
بەگوێرەی ئامارێکی دەستەی ژینگە، زۆرترین پشکنینی خاک و ئاو لە هەولێر بووە، کە زیاترە لە هەزار پشکنین، پاشان لە دهۆک نزیکەی 900 پشکنین کراوە، هەروەها لە سلێمانی نزیکەی 700 پشکنین و لە هەڵەبجەش 8 پشکنین کراون.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پشکنینەکان جۆراوجۆرن بۆ کەرتی گشتی و تایبەت دەکرێن. بۆ کەرتی گشتی، نموونەی ئاو لە شوێنە جیاجیاکان وەردەگرین، بۆ نموونە کانی قرژاڵە، کۆیە و خەبات، ئەوەش مانگانە دووبارە دەکرێنەوە".
بە گوتەی هیرانی، ئەو ئاوەی لە هەولێر بۆ خواردنەوە بەکاردەهێندرێت "بە زۆرینە" پشکنینیان بۆ دەکرێت. گوتیشی: "بەگوێرەی ئەو پشکنینانەی بۆ ئەو ئاوانەی کردوومانن بۆ خواردنەوە بەکاردەهێندرێن، هەموویان شیاو بوون و هیچی نەشیاویان تێدا نەبووە".
پشکنینی ئاو و خاک بەگوێرەی پارێزگاکان
لە راگەیێندراوەکەی دەستەی ژینگەدا لەبارەی هەولێرەوە هاتووە، "مانگی رابردوو تاقیگەی شیکاری ژینگەیی 890 پشکنینی بۆ ئاوی خواردنەوە و 132 پشکنینی بۆ خاک ئەنجام داوە".
لە بارەی سلێمانییەوە، لە راگەیێندراوەکەی دەستەی ژینگەدا هاتووە: "589 پشکنین بۆ نموونەی 30 ئاو و 106 پشکنینی خاک کراوە".
وەکو دەستەی ژینگە باسی دەکات، مانگی ئایار لە دهۆک 876 پشکنینی کیمیایی و بەکتریۆلۆژی بۆ 168 نموونەی ئاوی خواردنەوە کراوە. لە هەڵەبجەش 8 جۆر پشکنینی جیا کراون.