هاوژین و منداڵانی پێشمەرگە و بەرپرسانی كۆمەڵە گوندی زڕگوێزیان چۆڵكردووە

12-09-2018
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
بەرپرسی ئەمنییەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان: پلانێكی ئەمنیمان داناوە
بەرپرسی ئەمنییەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان: پلانێكی ئەمنیمان داناوە
نیشانەکردن کۆمەڵە حدک حدکا ئێران زڕگوێز
A+ A-

رووداو - گوندی زڕگوێز 

هەرسێ پارتەكەی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، کۆمەڵەی زەحمەتكێشان و کۆمەڵەی كۆمیونیست)، كە بارەگاكانیان لە گوندی زڕگوێزی خوارووی سلێمانییە، دوای رووداوەكەی كۆیە، كەوتوونەتە خۆیان و پلانێكی ئەمنی و سیاسییان داڕشتووە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر هێرشێكی هاوشێوەی هێرشەکەی سەر دیموكراتەكان، بە كەمترین زیان لێی دەرچن.

لە ئۆتۆمبێلێكی نەناسراوەوە تەقە بە ئاڕاستەی بارەگایەكی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران كرا و دارا قوڕەیشی، بەرپرسی ئەمنییەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان لەبارەی رووداوەکە دەڵێ "دەستبەجێ ئاسایشمان ئاگاداركردەوە، ئەوانیش پێیانوابوو ئەم بابەتە بۆ ترساندنە و پەیوەندی بە دوای رووداوەكەی كۆیەوە هەیە، بۆیە ئێمە پلانێكی ئەمنیمان داناوە، بەو پێیەی ئێمەش لەلایەن ئێرانەوە چەندینجار بە ئامانجكراوین".

هاوژین و منداڵانی پێشمەرگە و بەرپرسانی كۆمەڵە گوندی زڕگوێزیان چۆڵكردووە، چوونەتە ناو شاری سلێمانی و لای خزم و دۆستەكانیانن. ژمارەی پاسەوانەكانیان لەسەر شاخ زیادکردووە، هەروەها هێزەكانیان زیاتر بڵاوکردووەتەوە و لە دەیان شوێنیش كامێرای چاودێرییان داناوە.

ئارام مودەریسی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵێ "هێزەكانی پێشمەرگەمان كەمكردووەتەوە و بڵاوەمان پێكردوون، هەم بۆ ئەوەی چاودێریی ناوچەكە بكەن، هەم بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێكدا كەمترین زیانمان پێ بگات".

وەكچۆن، دووبارەنەبوونەوەی هێرشی ئێران بۆ سەر پارتە كوردییەكانی دژبەری ئەو وڵاتە، هیچ گەرەنتی و دڵنیاییەكی نییە، بەهەمان شێوەش لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تائێستا جگە لە ئیدانە و هیوا خواستنی دووبارەنەبوونەوە، دڵنیاییەك نەدراوەتە ئەو حیزبانە.



پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە