رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر منداڵێکی دوو ساڵان بەهۆی نەمانی ئۆکسجین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەنێو ئۆتۆمبێلی باوکیدا خنکا.
دلێر حوسێن، باوکی منداڵەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو هەینییەک لە ماڵی باوکی لە گەڕەکی سەیداوە کۆدەبنەوە. رۆژی هەینی لەناکاو هۆنیاری تەمەن دوو ساڵ و 10 مانگ ماوەی چەند کاژێرێک دیارنەماوە. دەڵێت "برایەکم دووکانی هەیە لەنزیک ماڵی باوکم و هۆنیاری زۆر خۆشیدەویست، وامانزانی چووەتە لای ئەو، بەڵام کە زانیمان لەوێ نییە دەستمان بە گەڕان کرد".
باوکی هۆنیار بە رووداوی گوت دوای گەڕانێکی زۆر و ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەو و دایکی چوونەتەوە لای ماڵی باوکی و لەلای ئۆتۆمبێلەکە لەگەڵ دراوسێکان وەستاون، بەڕێکەوت دراوسێیەکی ماڵی باوکی پێی گوتووە بۆچی ناو ئۆتۆمبێلەکەت ناپشکنی.
هۆنیار دوو خوشک و برایەکی دیکەی هەیە، باوکی دەڵێت "کە تەماشامان کرد، هۆنیار لەنێو ئۆتۆمبێلەکە بوو، بەڵام بەهۆی نەمانی ئۆکسجین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ 40.7 پلە تەندروستی زۆر ناجێگیر بوو، بەپەلە گەیاندمانە نەخۆشخانەی رزگاری، بەڵام لەوێ گیانی لەدەستدا".
دلێر حوسێن، کە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرە لە فراکسیۆنی گۆڕان داوا لە دایک و باوکان دەکات زۆر ئاگاداری منداڵەکانیان بن و دەڵێت "بۆ ئەوەی وەکو ئێمە تووشی کارەساتێکی لەم شێوەیە نەبن".



