وەزیری خوێندنی باڵا: ئەم هەفتەیە ئەنجامی زانکۆلاین رادەگەیێنرێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، ئەم هەفتەیە ئەنجامی زانکۆلاین رادەگەیێنرێت. دەشڵێت، ئەم ساڵ کۆلێژی پزیشکیی هەڵەبجە دەکرێتەوە و دەتوانێت خوێندکار وەربگرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 12-10-2025، ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامەکانی زانکۆلاین بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە هەڵەبجە راگەیاند، "ئەم هەفتەیە رادەگەیێندرێت و دوا مۆڵەتە.''
 
ئارام محەممەد قادر گوتی، ''سەرەڕای گوشارێکی زۆر لەسەر زانکۆکان، وەکو هەموو ساڵێک هەوڵمان داوە خەونی گەنجان و خوێندکارانی وڵات لەنێو ناوەندە ئەکادیمییەکانی خۆماندا بەدیبهێنرێن و جێگەی شایستەی خۆیان لە زانکۆکاندا بۆ دابین بکرێت''. 
 
ئەم ساڵ زیاتر لە 57 هەزار قوتابی قۆناخی ئامادەییان تەواو کردووە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ رووداو، تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەوی 02ـی تشرینی یەکەم، نزیکەی 53 هەزار و 500 قوتابی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە.
 
''کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجە دەکرێتەوە''
 
ئارام قادر ئاماژەی بە کردنەوەی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجە کرد و گوتی، ''هەوڵی تەواومان داوە، ئەم ساڵ خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکان بتوانن لەم کۆلێژەدا بخوێنن.'' گوتیشی ''پارەیەکی باش'' بۆ کۆلێژەکە تەرخان کراوە، بۆ ئەوەی کەلوپەلی پێشکەوتووی بۆ دابین بکرێت.
 
16ـی ئاداری 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا فەرمانی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجەی دەرکرد و بڕی زیاتر لە یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتەوە و 200 ملیۆن دیناریش لەلایەن وەزارەتەکەوە بۆ کردنەوەی ئەو کۆلێژە تەرخان کرا.