پۆلیسی هەرێمی کوردستان: لە مانگی ئادارەوە بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدانمان وەرگرتووە

12-10-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە مانگی ئادارەوە بەپێی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆن، ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێکردووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2025، لیوا تاریق ئەحمەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە مانگی ئادارەوە دەستمان بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە و ئێستا ئامادەین، هەموو کارەکان بۆ هەڵبژاردن بەپێی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆن جێبەجێ کراون".
 
بڕیارە 11ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. لیوا تاریق ئەحمەد گوتی: "لە مانگی ئادارەوە، هەموو بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدانمان وەرگرتووە، بۆ دڵنیاکردنەوە لە ئاسایشی بنکەکان، چاودێریی نووسینگەکانی کۆمیسیۆنمان کردووە؛ ئەمانەش هەمووی لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان و بە ئامادەبوونی نوێنەری لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی بنکەکانی دەنگدان زیاتر لە سێ جار لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان مەشقی ئەمنی بە هێزەکان کراوە. گوتیشی: "ئەزموونمان لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو وەرگرتووە، هەر کێشەیەک لە رابردوو دروست بووبێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە چارەسەر کراوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد: "هەموو ئەو کەلوپەلانەی بۆ هەڵبژاردن پێویستن و لە عێراقەوە هاتوون، گەیاندووماننەتە شوێنی مەبەست. بەپێی پلان و بەرنامەکانی خۆمان هێزە ئەمنییەکان بەسەر بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان دابەش دەکرێن، تاوەکو باشترین و ئارامترین هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت".
 
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ رۆژی هەڵبژاردن، یەکەمین مەشقی ئەمنییان بۆ پاراستنی بنکەکانی دەنگدان لە پایتەخت دەستپێکردووە.
 
بڕیارە رۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت و 7,768 بەربژێر کێبڕکێی بەدەستهێنانیان دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە