رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی تورکیا دەکات، ئەوەش بەهۆی رووداوی تێکشکانی فڕۆکەیەکەوە.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کۆماری تورکیا دەکەین بەهۆی رووداوی دڵتەزێنی تێکشکانی فڕۆکەیەکی سەربازی لە جۆرجیا. لەم کاتە سەختەدا نزا و پاڕانەوەمان لەگەڵ خێزان و دۆستانی قوربانییەکاندایە."
ئەمڕۆ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێک ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکەیەکی سەربازییان لە رۆژهەڵاتی جۆرجیا کەوتووەتە خوارەوە و بەوهۆیەوە سەرجەم سەرنشینەکانی کە 20 کەس بوون، گیانیان لەدەستداوە.
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، فڕۆکەکە نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە لە فڕۆکەخانەی "گەنجە" لە رۆژئاوای ئازەربایجانەوە بەڕێکەوتووە، بەڵام ماوەیەکی کەم دوای تێپەڕاندنی سنوور بەرەو رۆژهەڵاتی جۆرجیا، پەیوەندی لەگەڵی پچڕاوە و کەوتووەتە خوارەوە.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، بە قووڵیی خەمباریی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی سەربازەکان دەربڕی.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی جۆرجیا، پاشماوەی فڕۆکە تێکشکاوەکە لە ناوچەی سیغناغی لە هەرێمی کاخێتی دۆزراوەتەوە کە دەکەوێتە نزیکەی 5 کیلۆمەتر لە سنووری نێوان جۆرجیا و ئازەربایجانەوە.
کۆنترۆڵی هاتووچۆی ئاسمانیی جۆرجیا رایگەیاند، فڕۆکەکە ماوەیەکی کەم دوای چوونە نێو ئاسمانی وڵاتەکەوە "بەبێ ناردنی هیچ نیشانەیەکی مەترسی یان پەیوەندییەکی نائاسایی" لە شاشەی رادارەکان دیارنەماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ