هەزار و 75 قاچاخچی و بەرهەمهێنەری ماددەی هۆشبەر لە ورمێ دەستگیركران

12-12-2016
دەرباز ساڵح
نیشانەکردن ماددەی هۆشبەر
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا 8 تۆن و 734 کیلۆ ماددەی جۆراوجۆری هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە،  هەزار و 75 قاچاخچی و بەرهەمهێنەری ماددە هۆشبەرەكانیش گیراون.

کەریم ئەکبەری، سەرۆکی پۆلیسی پارێزگای ورمێ دەڵێت، هیرۆین، مۆرفین، تریاک، حەشیش و شیشە، دیارترین لەو ماددانە بوون دەستیان بەسەردا گیراوە. ئەمە دوو هێندەی ئەو ماددە هۆشبەرەیە، کە لە هەمان کاتی ساڵی پاردا دەستی بەسەردا گیرابوو.

کەریم ئەکبەری راشیگەیاند، هەر لەم 8 مانگەدا هەشت هەزار و 75 قاچاخچی و بەرهەمهێنەری ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای ورمێدا گیراون، 57 باندی قاچاخیش هەڵوەشێندراونەتەوە.

بەگوتەی سەرۆکی پۆلیسی ورمێ، ئەم پارێزگایە بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو 31 پارێزگای ئێراندا پلەی 22ی هەیە. ساڵی 2011 لە پلەی چوارەمدا بووە، کە ئەمە نیشاندەدات بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان کەمبووەتەوە.

ماددە هۆشبەرەکان بەگشتی لە چەند بەش پێکدێن: ماددە ئارامبەخشەکان وەك تریاک، مۆرفین، هێرۆین و ئەو ماددانەی لە تریاک دەچن. بەشێکی دیکەیان ماددە وزەبەخشەکانن وەك ئەمفیتامین، کۆکاین، کراک، ئەفیدرینەکان و جۆرەکانی دیکەی وەك حەشیش.

بەگوتەی عەبدولڕەزا رەحمانی فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئێران، ساڵانە لە وڵاتەکەیدا نزیکەی 530 تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا دەگیرێ، کەچی لەم  ماوەیەدا لە وڵاتانی دیکە تەنیا 200 تاوەکو 300 کیلۆیە.

لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەکانن، رەحمانی فەزلی پێشتر دەڵێت " لە ئێران زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس گیرۆدەی ماددەی هۆشبەرن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە