رووداو دیجیتاڵ
رووداو لەنێو بازاڕی سلێمانی بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکات کە ئاخۆ لە کاتی رووداوە لە ناکاوەکان، هێڵە گەرمەکانی فریاکەوتن بە هانای خەڵکەوە دەچن یان نا؟ هاونیشتمانییەک کە لە بەردەم مزگەوتی گەورەی سلێمانی پینەدۆزە، شاهێدحاڵی زۆرینەی رووداوەکانە و دەڵێت، "زۆر خێرا دێن بەدەممانەوە."
محەممەد ئەمین، کاسبکار بە رووداوی گوت، "لەنێو ئەم بازاڕەین و دایم دێن بەدەممانەوە بە تایبەت لە مزگەوتی گەورە کە پیر و پەککەوتەی زۆری لێیە، هەر کە تەلەفۆن دەکەین یەکسەر 122 دێن بە هانامانەوە."
رەنگە زۆریی هێڵە گەرمەکان هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی وەکو بەشێک لە خەڵک دەڵێن، لە کاتی رووداوەکان بە ئاسانی لە یەکیان جیا نەکەنەوە. زۆرترین ئەو هێڵە گەرمانەی لە سلێمانی خەڵک بەکاریان دەهێنێت: پۆلیس 104، ئاگرکوژێنەوە 115، کێشەی خێزانی 119 و فریاکەوتنی تەندروستی 122.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی ئاماری ساڵی رابردووی پۆلیسی فریاکەوتن بە رووداوی گوت، "تەنیا لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار 56 دەرچوون هەبووە بۆ بەهاناوەچوونی ئەو کەسانەی کێشەی خێزانییان هەبووە. هێزەکانمان زیاتر لە دوو هەزار و 653 کەسیان بردووە لەگەڵ خۆیان."
پەیامنێری رووداو پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 119ـەوە کرد، راستەوخۆ وەڵامیان دایەوە، بەڵام کارمەندێک گوتی، هەندێکجار گرفت دروست دەبێت، بۆیە درەنگ وەڵام دەدەنەوە.
ئەو کارمەندەی هێڵی 119 گوتیشی، "ئێمە هەندێکجار کێشە لە سیستم هەیە و لە دەسەڵاتی ئێمە نییە و دەبێت کەسی شارەزا چارەسەری بکات، ببورن کە هەندێکجار وەڵام نادەینەوە کێشە لە ئینتەرنێت یان سیستم هەیە و راستە گلەیی دەکەن."
هێڵە گەرمەکان لە هەرێمی کوردستان 24 کاژێر لە کاردان، بەڵام خەرجی یان لۆدی زۆری سەر هێڵەکان رەنگە لە کارکردن خاویان بکاتەوە، وەک چۆن مانگی رابردوو هێڵی 122 بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە ئەمبوڵانسەکانیان لە کارکردن راگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ