نێچیرڤان بارزانی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی واژۆکرد

13-03-2014
هەرمان خالید
نێچیرڤان بارزانی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی واژۆکرد
نێچیرڤان بارزانی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی واژۆکرد
A+ A-

رووداو- هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی واژۆکرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی، بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی واژۆکرد.

لە میانەی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ شاندێکی هەڵەبجە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بریاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی قبوڵکرد.
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13.3.2014، شاندێكی هەڵەبجە سەردانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کرد، بە مەبەستی تاوتوێكردنی چۆنێتی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.

شاندەكە لە هەریەك لە گۆران ئەدهەم، قایمقامی هەڵەبجە، خدر كەریم، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و مامۆستایانی ئایینی پێكهاتبووو.

پێشتر، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكی فەرمیدا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد چاوەڕێی بەغدا نەكات و رێكارە كارگێڕییەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەستپێبكات.

لە نووسراوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتبوو، "لەبەر ئەوەی بە رای کۆمەڵێك یاساناس، بابەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید دەكەوێتە بازنەی سەڵاحیاتی ئیداریی هەرێمی كوردستان و هەروەها نەبوونی ئیستیجابەی پێویست لە لایەن بەغدا بۆ بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، بڕیارمان دا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات دەست بە رێوشوێنە ئیدارییەكانی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید بكات بۆ ئەوەی داواكاریی خەڵكی قارەمانی ئەم دەڤەرە جێبەجێ بكرێت".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە