رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 دەڵێت، زەوی بەو رۆژنامەڤان و پارێزەرە کوردانە دەدرێت کە خەڵکی کەرکووکن و ناسنامەی سەندیکاکانی هەرێمی کوردستانیان هەیە.
بڕیارێکی حکومەتی عێراق هەیە کە ساڵی 2019 دەرکراوە، تێیدا فەرمان بە پێدانی زەوی بە توێژە جیاکان لە کەرکووک کراوە، ئەویش بەگوێرەی کۆمەڵێک مەرج؛ سەرەکیترینیان ئەوەیە کە ئەو خێزانە لە سەرژمێریی 1957 تۆمار کرابێت و سوودمەند نەبووبێت.
دژوار فایەق، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 لە عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کەرکووک زەوی بەو پارێزەر و رۆژنامەڤانانە دەدرێت مەرجەکانیان تێدایە. تاوەکو ئێستا زەوییان بەو کوردانە نەدەدا کە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و سەندیکای پارێزەرانی کوردستانن، بەڵام لەمەودوا بەوانیش دەدرێت."
دژوار فایق لەڕێگەی لیژنەکەوە پشنیازەکەی گەیاندووەتە حکومەتی عێراق و داوای کردووە کار بە ناسنامەی سەندیکاکانی هەرێمی کوردستانیش بکرێت بۆ وەرگرتنی زەوی و دەڵێت، حکومەتی عێراقیش داواکارییەکەی پەسند کردووە.
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 لە عێراق لە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی چالاککراوەتەوە و تاوەکو ئێستا شەش کۆبوونەوەی کردووە.
لیژنەکە بڕیارە مانگانە کۆببێتەوە. دژوار فایق دەڵێت، بڕیارە لەم مانگەدا کۆببنەوە و چەند بابەتێکی پەیوەست بە ناوچەکانی نێو مادەکە تاوتوێ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ