رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ ئابڵۆقەی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە تەنگەی هورمز چووە بواری جێبەجێکردنەوە؛ ئەوەش بازاڕی وزە و رێڕەوی بازرگانیی جیهانیی شێواندووە. شارەزایەک دەڵێت، ئێران رۆژانە 435 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت و شارەزایەکی دیکەش پێیوایە تاران بەمە "تووشی شۆک نابێت".
تەنگەی هورمز کە پێشتر وەک کارتێکی گوشار لە دەستی ئێراندا بوو، ئێستا بووەتە گوشارێکی گەورە لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە. زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ" رایگەیاند: "ئێران هەمان ئەو چەکەی کە بەکاریهێنا، لە دژی بەکارهێندرایەوە. هەڕەشەکانی تاران وای کردووە وڵاتانی کەنداو بیر لە جێگرەوەی هورمز بکەنەوە، لەوانە پەرەپێدانی رێگەی گەشەپێدان و بایەخدانی زیاتر بە نۆکەندی سویس."
بە گوتەی زریان رۆژهەڵاتی، ئێران بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، دەروازەکانی دەستخستنی دۆلاری لەسەر داخراوە و "رەنگە ئێستا هەوڵ بدات لە رێگەی سلێمانییەوە لە هەرێمی کوردستان دۆلار دەستبخات، یان نەوتەکەی تێکەڵی نەوتی عێراق بکات و بیفرۆشێت، چونکە ژێرخانی پێویستی نییە رۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی وڵاتانی دەوروبەرەوە هەناردە بکات."
لە بەرامبەردا، محەممەد هەورامی، شارەزای کاروباری ئێران، رایەکی جیاوازی هەیە و دەڵێت ئەم گەمارۆیانە بۆ تاران شتێکی نوێ نین. هەورامی گوتی: "ئێران لە ساڵی 2018ـەوە رێگەی جێگرەوەی بۆ بەندەری خارگ و تەنگەی هورمز دروست کردووە، دەشتوانێت لە رێگەی شەمەندەفەرەوە نەوت بۆ چین بگوازێتەوە."
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران هێشتا 80 ملیار دۆلار یەدەگی بانکیی هەیە و ئەم گوشارانە ناتوانن ئێرانییەکان تووشی شۆک بکەن.
لەکاتێکدا راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن دۆناڵد ترەمپ خەریکی هەڵسەنگاندنی بژارەی هێرشی سەربازیی سنووردارە بۆ سەر ئێران تاوەکو ناچاری بکات بە مەرجەکان رازی بێت، زریان رۆژهەڵاتی دەڵێت: "پرسی ئەتۆمی خەریکە دەبێتە کارەسات بۆ حکومەتی ئێران. تاران تەنیا وڵاتە دەڵێت پڕۆژەکەم ئاشتیخوازانەیە، بەڵام یۆرانیۆمی بە رێژەی 60٪ پیتاندووە، ئەوەش جێگەی گومانە."
بەپێی راپۆرتە پشتڕاست نەکراوەکان، لە کۆبوونەوەکانی ئیسلامئاباد، ئەمریکا داوای کردووە ئێران بۆ ماوەی 20 ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، بەڵام ئێران تەنیا بە 10 ساڵ رازی بووە، هەر بۆیە رێکنەکەوتوون.
سەبارەت بە ئەگەری شەڕ، هەورامی پێیوایە "ئێران و ئەمریکا لە کۆتاییدا دەگەنە رێککەوتن و بە دووری دەزانم شەڕ بەو جۆرەی پێشتر دەستپێبکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ