رووداو دیجیتاڵ
ماوەیەکە نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان رووی لە بەرزبوونەوە کردووە. وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، بەهۆی کەمیی خستنەڕوو و گرانبوونی تێچووی سووتەمەنییەوە، نرخەکەی گران بووە.
رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرزبوونەوەی نرخی مریشک پەیوەندی بە خستنەڕوو و خواستەوە هەیە؛ کاتێک پێشتر نرخەکەی دابەزیبوو، بەشێکی زۆری خاوەن پەلەوەرخانەکان مریشکیان دانەنایەوە، ئەوەش بووە هۆی کەمبوونەوەی مریشک لە بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکەی."
لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنان، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ئاماژەی بەوە کرد کە وەرزی سەرما کاریگەری هەبووە و گوتی: "گرانبوونی نرخی سووتەمەنی هۆکارێکی دیکەیە. ئەو مریشکەی ئێستا لە بازاڕە، بەرهەمی مانگێک پێش ئێستایە کە تێچوویەکی زۆری هەبووە."
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران؛ سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان کەمبوو و نرخەکەی بەرزبووەوە.
نرخەکان لە بازاڕدا
پێشتر: کیلۆیەک مریشک بە 2,300 بۆ 2,400 دینار بووە.
ئێستا لە پەلەوەرخانەکان: گەیشتووەتە 2,750 دینار.
ئێستا لە بازاڕەکاندا: کیلۆی بە 3,000 دینار و زیاتریش دەفرۆشرێت.
ئاماری پەلەوەرخانەکان و بەرهەمی ناوخۆ
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە:
ژمارەی پەلەوەرخانەکان: 1,995 پەلەوەرخانە.
بەخێوکردنی ساڵانە: زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک.
بەرهەمی ساڵانەی گۆشت: نزیکەی 250 هەزار تۆن.
پێداویستیی ناوخۆ: 146 هەزار تۆن.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە نزیکەی 104 هەزار تۆن گۆشتی مریشکی لە پێویستیی نێوخۆ زیادەیە و دەتوانرێت هەناردە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ