رووداو - سلێمانی
راهێنەری یانەی تازەپێگەیشتووانی بازیان لە یاری نێوان یانەکەی و یانەی پێشمەرگەی سلێمانی کوژرا.
بەرزان محەممەد، بەڕێوەبەی پزیشکی دادی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی دیار بەکر، راهێنەی یانەی تازەپێگەیشتووانی بازیان گەیێندراوەتە پزیشکی داد، کە بە دوو گوللە کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکان، دوابەدواى کۆتاییهاتنى یاریى نێوان یانەى پێشمەرگەى سلێمانى و یانەى بازیان، دەمەقاڵێ لەنێوان کەسێک بە ناوى (م-ح) لەگەڵ چەند یاریزانێکى بازیان دروست دەبێ، کە خەڵکى چەمچەماڵن و، پێشتر ئاڵۆزییەک لەنێوان (م-ح) و ئەو یاریزانانەى چەمچەماڵ هەبووە، کە بۆ یانەى بازیان یاریى دەکەن.
زانیار تۆفیق، سەرۆکى یانەى بازیان بە رووداوی گوت "دواى ئەوەى ناوبژیوانى یارییەکە سێ یاریزانى ئێمە بە کارتى سوور دەردەکات، دەمەقاڵێ لەنێوان تیمى ناوبژیوانى یارییەکە و چەند یاریزانێکى بازیان دروستبووە. پاشان (م-ح) لەگەڵ چەند یاریزانێکى بازیان دەبێتە دەمەقاڵێى، دواى چەند خولەکێک پەلامارى چەک دەدات و بەرەوڕووى یاریزانەکانى بازیان دێت، دیار بەکر راهێنەرى بازیان بەرەوڕووى (م-ح) دەڕوات تاوەکو رێگرى بکات و نەهێڵێت تەقە بکات، لەو کاتەدا (م-ح) سێ فیشەک دەنێت بە دیار بەکر-ەوە".
یاریی نێوان بازیان و پێشمەرگەی سلێمانی لە چوارچێوەی خوولى تازەپێگەیشتووانى یانەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى و دەورووبەرى بووە، یارییەکەش لە یاریگای چیا بووە لەنێو شاری سلێمانی.
دیار بەکر لەدایکبووى 1985ى ناحیەى شۆڕشى سەر بە قەزای چەمچەماڵە، پێشتر لە یانەى شۆڕش یاریى کردووە. لە ماوەى رابردوودا پۆستى راهێنەرى تازەپێگەیشتووانى بازیانى لەئەستۆگرتووە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ