لەسەرەتای ئەمساڵەوە رێگە نادرێت جووتیارانی سنووری کەرکووک 30 هەزار دۆنم زەوی بەکاربێنن
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە رێگە نادرێت جووتیارانی پێنج گوندی سنوورەکەیان زەوییەکانیان بەکاربهێنن و ئێستا بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان پێدراوە.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە پێنج گوندی سنوورەکەمان کە نزیکەی 30 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵییە، عەرەبی هاوردە رێگەیان نەداوە بەکاریان بهێنین".
17ـی شوباتی ئەمساڵ، سەربازێکی سوپای عێراق بە ملێپێچەکەی ملی محەممەد ئەمینی لەسەر تراکتۆرەکەی لەکاتی کارکردن لە زەوییەکەیدا راکێشا و ئەشکەنجەی دا. دواتر کێشەکە گەیێندرایە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
محەممەد ئەمین دەڵێت: "لەسەر کێشەی زەوییەکانمان سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوی فەرمی کردبوو بۆ چارەسەر و نووسراوەکەی گەیشتووەتە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کاری پێ نەکراوە".
بۆ کارکردن بەنووسراوەکە، سوودانی داوای لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردووە لە رێگەی لیژنەوە سەردانی شوێنی زەوییەکان بکەن. نوێنەری جووتیاران دەڵێت: "پارێزگاری کەرکووک بەڵێنی پێداوین لە نزیکترین کاتدا لیژنەکە بنێرن بۆ ئەوەی بتوانین زەوییەکانمان بەکاربێنینەوە".
42 گوند لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانن. پێنج گوند کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکن و کێشەیان لەسەرە بریتین لە گوندەکانی: شەناغە، پەلکانە، سەربەشاخ، گابەرەکە و خەرابە.
لە دووی ئاداری ئەمساڵ، سەرۆکوەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر راسپاردەی لیژنەی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی جووتیارانی کوردی لە سەرگەڕان کرد.