رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ پێشکەوتنی زیاتری تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد، بەردەوام پرسیاری ئەوە دەکرێت: ئایا ئەم تەکنەلۆژیایە جێی دەستی کار دەگرێتەوە و شوێن بە فەرمانبەر (مرۆڤ) لە کەرتی تایبەت و حکومی لێژ دەکات؟ بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان، ژیریی دەستکرد نەبووەتە مەترسی بۆ سەر بژێوی فەرمانبەر، کارمەند و کرێکار.
ئێستا نائارامی و ناڕوونییەکی زۆر هەیە، چونکە ژیریی دەستکرد خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا بازاڕی کار و کۆمەڵگە دەگۆڕێت. کاریگەرییەکان لە هەموو شوێنێکن، بەڵام ئەوەی وایکردووە هاوسەنگی تێکنەچێت ئەوەیە، کە هەرچەندە جێی مرۆڤ بگرێتەوە، ئەوەندەی دیکە پیشە و بەشی جیاواز بەهۆی ژیریی دەستکردەوە زیاد دەبێت.
دکتۆر سێندی گۆردۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکار، زانای داتاکانی ژیریی دەستکرد و ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن لە کۆمپانیای ژیریی دەستکرد، راپۆرتێکی وردی بڵاوکردووەتەوە و تیشک دەخاتە سەر نوێترین داتا و ئامارەکانی بازاڕی کار و لێهاتووییە پێویستەکان بۆ داهاتوو.
ئامار و هەستی گشتی لە ئەمریکای باکوور 2025–2026
نیگەرانییە گشتییەکان: نزیکەی 70%ی ئەمریکاییەکان بڕوایان وایە پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرد دەبنە هۆی کەمبوونەوەی هەلی کار بۆ مرۆڤ، ئەمەش زیادبوونێکی بەرچاوە بەراورد بە 56%ی ساڵی رابردوو (2025). لە کەنەداش نزیکەی 63%ی ئەوانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن نیگەرانن.
ئاسایشی پیشەیی: نزیکەی 30%ی ئەمریکاییەکان و 26%ی کەنەداییەکان دەترسن لەوەی لە چەند ساڵی داهاتوودا کارەکانیان بە تەواوی ئۆتۆماتیکی بکرێن و پێویستییان بەوان نەمێنێت.
مەترسی بۆ سەر گەنجان: لە نێوان گەنجانی تەمەن 18 بۆ 29 ساڵ، نزیکەی 59%یان ژیریی دەستکرد وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر داهاتووی پیشەیییان دەبینن.
کارە لەدەستچووەکان (2024 تاوەکو سەرەتای 2026)
راپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە سەدان هەزار کار کاریگەرییان لەسەر دروست بووە، بەڵام پرۆسەکە تێکەڵەیەک بووە لە لەدەستدانی کار و دروستکردنی هەلی نوێ:
کاریگەریی گشتی: تاوەکو ناوەڕاستی 2026، لە بازاڕی ئەمریکادا 700 هەزار کار لەو کەرتانەی ژیریی دەستکرد تێیاندا چالاکە لەدەستچوون، بەڵام لە بەرامبەردا نزیکەی 1 ملیۆن پۆستی نوێ دروست بوون.
لەدەستدانی مانگانە: بەپێی شیکردنەوەی گۆڵدمان ساکس، ژیریی دەستکرد مانگانە 25,000 کاری نەهێشتووە، لە کاتێکدا تەنیا 9,000 کاری نوێی گەڕاندووەتەوە.
ژیریی دەستکرد و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستانیش، کەرتە تایبەت و حکومییەکان (بەشێوەیەکی رێژەیی) پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستن، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، تاوەکو ئێستا نەبووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ کارەکەی لەدەست بدات.
رەنج خورماڵی، بەرێوەبەری کەناڵی زێد، کە زیاتر کاریان لەسەر وەرگێڕان و پەخشکردنی فیلمە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا ئێمە ژیریی دەستکرد بەکارناهێنین" ئەمەشی بۆ دوو هۆکار گەڕاندەوە:
- ژیریی دەستکرد گۆکردنی باش نییە و ناتوانێت وەکو مرۆڤ قسە بکات.
- ناتوانێت لە وەرگێڕانی دەق دا، وەکو مرۆڤ ورد بێت.
رەنج خورماڵی گوتی: "لای ئێمە (ئەی ئای) جێی هیچ کارمەندێکی نەگرتووەتەوە، تەنیا بۆ دروستکردنی ریکلام پشتی پێ دەبەسترێ، ئەویش تەنیا دیمەن نەوەکو دەنگ."
"ئەی ئای لە هەر کایەیەک جێی مرۆڤی گرتبێتەوە لە بەرامبەردا کاری دیکەی رەخساندووە"
عومەر فالح، گوتەبێژی کۆمپانیای ئاسیاسێڵە، ئەوا لەبارەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکردەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەی ئای یەک پلاتفۆرم نییە، ئێمە کارێکی زۆرمان کردووە بۆ ئەوەی زۆربەی کارەکانمان بەو تەکنەلۆژیایە بێت، ئێستاش کاری کڕیار، کاری نێوخۆیی و نێتوۆرک (تۆڕ) بە ئەی ئای دەکەین."
عومەر فالح گوتی: "کۆمپانیاکەمان خزمەتگوزاریی (لەیلا)ی راگەیاند، کە یەکەمین خەڵاتی (ستیڤی) بۆ ژیریی دەستکرد بردەوە، کە یەکەم ئەی ئایە لەگەڵ کڕیار گفتوگۆ دەکات و وەڵامی هەموو داواکارییەکان دەداتەوە و کارەکانیان بۆ رایی دەکات."
گوتەبێژەکەی ئاسیاسێڵ، هەرچەندە ئەوەی ئاشکراکرد کە (لەیلا) زیاتر لە نیوەی کارەکانی وەرگرتنی پەیوەندیی کڕیاران دەکات، بەڵام گوتی: "ئێمە یەک کارمەندمان بەڕێنەکردووە، چونکە لەگەڵ هاتنی ئەی ئای کوالێتی کارمەند بەرزبووەتەوە و خزمەتگوزاریش زیاد بووە."
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، زیاتر لە سێ هەزار کارمەندی خۆیی هەیە و 100 هەزار کەسی دیکەش بژێوییان لەسەر ئەو کۆمپانیایەی پەیوەندییە.
لەبارەی هەنگاونان لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرد، گوتەبێژی ئاسیاسێڵ گوتیشی: " کارمەندانمان هان داون و هانیشیان دەدەین بەردەوام خۆیان پێشبخەن، زۆر کارمەندمان هەن بڕوانامەی نێودەوڵەتییان بەدەستهێناوە."
ژیریی دەستکرد شوێنی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە کاروان جێدەمێنن
کێوان حەسەن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (E4T)یە کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی ژیریی دەستکرد. لەبارەی شوێنگرتنەوەی مرۆڤ لەلایەن ئەی ئایەوە، بە رووداوی گوت: "تەنیا شوێنی ئەوانە دەگرێتەوە کە لە کاروان جێدەمێنن و خۆیان نوێ ناکەنەوە."
کێوان حەسەن، نایشارێتەوە کە لە هەندێ بەشی کۆمپانیاکاندا ژیریی دەستکرد شوێنی مرۆڤی گرتووەتەوە، بەڵام "ئێستا بەراورد بە پێش پەیدابوونی پێش ژیریی دەستکرد، 15-20٪ پیشەی نوێ زیاد بووە، ئەمەش باڵانسەکەی هاوتا کردووە."
پێشبینییەکان بۆ ساڵیک تاوەکو 2 ساڵی داهاتوو
دکتۆر سێندی گۆردۆن، لە بنکۆڵکارییەکەیدا لەبارەی پێشبینییەکان بۆ ساڵێک بۆ دوو ساڵی داهاتوو، چەند خاڵێکی دەستنیشان کردووە:
قەبارەی گۆڕانکاری: چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ساڵی 2027، نزیکەی 15% بۆ 25%ی هەموو کارەکان رووبەڕووی گۆڕانکاریی گەورە ببنەوە.
کەمبوونەوەی گشتی: کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (WEF) پێشبینی دەکات تاوەکو ساڵی 2027، بەشێوەیەکی گشتی 14 ملیۆن کار لە جیهاندا کەم ببنەوە.
پیشە مەترسی لەسەرەکان: کارە ئیدارییەکان و داخیلکردنی داتا زۆرترین مەترسییان لەسەرە؛ پێشبینی دەکرێت تاوەکو 2027 نزیکەی 7.5 ملیۆن کاری لەو جۆرە نەمێنن.
دکتۆر سێندی دەڵێت: "چیدیکە ناتوانین تەنیا وەک تەکنەلۆژیا سەیری ژیریی دەستکرد بکەین، بەڵکو دەبێت وەک گۆڕانکارییەکی گشتگیر لە پێکهاتەی هێزی کاردا بیبینین."
حکومەتی هەرێمی کوردستان: ئەی ئای نەبووەتە هۆی لەدەستدانی کار
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا ژیریی دەستکرد نەبووەتە هۆی لەدەستدانی کاری کارمەند و کرێکاران.
ئاریان ئەحمەد گوتیشی: "تاوەکو ئێستا هیچ کرێکار و کەسێک سکاڵای لە کۆمپانیاکەی نەکردووە بۆ لەدەستدانی کارەکەی بەهۆی ژیریی دەستکردەوە، چونکە لە بەرامبەر پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، هەلی دیکەی کار دروست دەبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ