رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی فۆڕمی خۆراک، پرۆسەی تۆمارکردنی منداڵانی تەمەن یەک تاوەکو 12 ساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان دەستیپێکرد.
رۆژی چوارشەممە 13ـی ئایاری 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و پیشەسازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چوارچێوەی بەردەوامیی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئاگادارکراینەوە کە پرۆسەی تۆمارکردنی منداڵانی تەمەن یەک ساڵ تاوەکو 12 ساڵ لە شاری سلێمانی، دەوروبەری، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و سەرجەم قەزا و ناحیەکانیان دەستیپێکردووە."
لەبارەی شێوازی تۆمارکردنەکە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە فۆڕمی خۆراکەوە ناوی منداڵەکانیان زیاد بکەن، بەو مەرجەی منداڵەکە "کارتی نیشتمانی" هەبێت و نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بێت.
نەوزاد شێخ کامیل داوای لە هاووڵاتییان کرد، لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە ناوی منداڵەکانیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لە پرۆسەی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەدا سوودمەند بن. گوتیشی، ئەم هەنگاوە بەشێکە لەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێن بۆ ئاسانکاری و رێکخستنەوەی سیستەمی دابەشکردنی خۆراک بە شێوەیەکی مۆدێرن.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، زیادکردنی ناوی منداڵ لە دهۆک و هەڵەبجە دەستیپێکردبوو لە ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە فۆڕمی خۆراک چالاککرابوو، ئەمڕۆ لە سلێمانیش کارا کرا و پارێزگای هەولێر ماوە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا بەگوێرەی پارێزگاکان خۆتۆمارکردن لە فۆڕمەکە بەم شێوەیەیە؛ هەولێر 94.29%ـی دانیشتووان، سلێمانی 93.82%، دهۆک 94.14% و لە هەڵەبجەش 96.98%ـی دانیشتووانەکەی خۆیان تۆمار کردووە.
یەکەم جار 2ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ