رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستانێ-کەجەکە رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆسەر "گەریلا و گەلی کورد"، بڕیاری راگرتنی چالاکییە سەربازییەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.
کەجەکە رۆژی سێشەممە، 13-6-2023، بڕیاری لەبارەی راگرتنی چالاکییەکانی دا کە دوای بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی ئەمساڵ تا دوای هەڵبژاردن یەکلایەنە رایگەیاندبوو.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، "وەک دەزانرێت 6ـی شوباتی 2023 دوو بوومەلەرزەی بەهێز روویاندا. دوای ئەوەی زانیمان لێکەوتەکانی بوومەلەرزەکە زۆر کاریگەرن، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و مرۆیی خۆمان بەجێگەیاند و بڕیارمان دا تا ئەو دۆخە دژوارە مرۆییە کۆتایی دێت، چالاکییەکانمان رابگرین. ئێمە ئەو بڕیارەمان بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە و داوامان لە سەرجەم هێزەکانمان و هێزە شۆڕشگێڕە دیموکراتییەکانی دەرەوەشمان کرد کە لەبەر هەمان هۆکار بەتایبەتی لە شارەکان چالاکی نەکەن".
کەجەکە هەروەها دەڵێت، لەو قۆناخەدا گەریلا تەنیا خۆی لە هێرشەکان پاراستووە و چالاکی نەبووە؛ ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەبەر پڕۆسەی هەڵبژاردن ئاگربەستەکەیان درێژکردووەتەوە.
کەجەکە هەروەها باس لەوە دەکات کە زۆر لایەن، رێکخراو و کەسایەتی پشتگرییان لە هەنگاوی ئاگربەستەکە کرد، بەڵام دەسەڵاتی تورکیا درێژەی بە هێرشەکانی داوە؛ کەجەکە هەروەها رایگەیاندووە، سوپای تورکیا "لەو ماوەیەدا هەرگیز هێرشەکانی رانەگرت؛ هێرشی کردە سەر گەریلا، چەکی قەدەخەکراوی بەکارهێنا؛ هێرش و کۆمەڵکوژی لە باشوور، شنگال، مەخموور و رۆژئاوا درێژە پێدا؛ لە تورکیا و باکووری کوردستانیش هێرشەکانی بۆ سەر گەل و سیاسەتی دیموکراسی زیاتر کرد؛ گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی دژوار بەردەوام بوو".
لە بەشی کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی تورکیا دەستی بە شەپۆلێکی نوێی هێرش کردووە و هەربۆیە "پێویستە لە هەموو شوێنێک تێکۆشانی چالاک بەڕێوەببرێت و گورز لە دوژمن بووەشێندرێت؛ لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە، ئێمە رایدەگەیەنین لە ئەمڕۆ بەدواوە کۆتایی بە بڕیاری وەستاندنی چالاکی دەدەین".
سەرەتا بەهۆی بوومەلەرزەکانی شوباتی ئەمساڵ پەکەکە ئاگربەستێکی تاکلایەنەی راگەیاند؛ هەروەها رۆژی 27ـی ئاداری 2023 بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا بڕیاری درێژکردنەوەی وادەی ئاگربەست و راگرتنی کردە چەکدارییەکانی تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ