بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی: هەرکات یەکێتی هاتەوە سەر هێڵی نیشتمانی، هاوپەیمانیی لەگەڵ دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

 

بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک دەڵێت، هەندێک لە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بابەتی یەک لیستی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان وەکو موزایەدە بەکاردێنن. ئاماژە بەوەش دەکات، ''یەکێتی لە هێڵی نیشتمانی دەرچووە.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-08-2023، محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد و رایگەیاند، ''یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەو رۆژەوە کەرکووکی رادەستی حەشدی شەعبی کرد، لە هێڵی نیشتمانی دەرچوو.''
 
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوە کرد، وەکو پارتی لە کەرکووک، لەگەڵ کۆمەڵێک لایەنی سیاسی لیستی هاوبەشیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێکهێناوە، "بەڵام رەنگە ئەو حیزبانە لە بەغدا و لە شوێنەکانی دیکەش هاوپەیمانێتییان هەبێت، یان لە بواری یاساییەوە هەندێک گیر و گرفتیان بۆ هاتووەتە پێش، بۆیە بەربژێرەکانیان وەکو تاک لەگەڵ ئێمە بەشداری دەکەن نەک بە ناوی لایەنی سیاسییەوە؛ ئێستا پارتی بە لیستی خۆی کە سەرۆک مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی ئەو لیستە لە هەموو عێراق دیاریکراوە، بەشدار دەبێت." بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە رووداو، محەممەد کەمال پەیوەندیی بە رووداوەوە کرد و گوتی، "جەنابی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی لیستی پارتی نییە و ئەوە زانیارییەکی راست نەبوو."  
 
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک گوتی، حیزبەکەی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، جگە لە یەکێتی، داوای یەک لیستی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کردووە، "هەرکات یەکێتیش هاتەوە سەر هێڵی نیشتمانی، ئامادەین بە یەک لیست لەگەڵی بەشداری بکەین." 
 
یەکێتی و پارتی هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی ئەگەر پێکەوەش نەتوانن، لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی دیکە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هاوپەیمانی پێکبهێنن، بەڵام هەوڵەکانیان ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو و کورد چەند لیستی لە کەرکووک تۆمار کرد.
 
لە بانگەوازێکیشدا بە ناونیشانی "لەپێناو کەرکووک"، 13 حیزبی کوردستانیی ئەو پارێزگایە، داوایان کرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هەموو حیزبە کوردستانییەکان بە یەک هاوپەیمانی بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن، محەممەد کەمال ئەم داواکارییە بە "موزایەدە" وەسف دەکات و دەڵێت، ''هەندێک جار لایەنە سیاسییەکان وەکو موزایەدە باسی یەک لیستی دەکەن، ئەگەر نا، لانیکەم دەبووایە ئەو 13 حیزبە بە لیستێک بەشداری هەڵبژاردن بن، ئەوکات بە پارتی، یەکێتی و ئەوانەوە دەبووە سێ لیست و زیانەکە کەمتر دەبوو، بەڵام ئێستا کورد بە چوار یان پێنج لیست دابەزیوە." 
 
وەک محەممەد کەمال گوتی، "ئێستاش کە کورد بە چەند لیست بەشداری هەڵبژاردن دەبێت، زەرەرمەند نەبووە و ئەگەر جەماوەری کەرکووک هەمووی بێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، قازانج دەکات، چونکە لە کەرکووک لایەنی عەرەب و تورکمانیش هەر بە چەند هاوپەیمانی دادەبەزن و ئەوە تەنیا بۆ کورد نییە." 
 
هەندێک لە بەرپرسانی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک گەرمیانی پارتی رایانگەیاندووە، ئامادەنین لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بن، ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆ رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 کە یەکێتی بە "خیانەتکار" و هۆکاری رووداوەکە دەزانن.
 
ئەوە لەکاتێکدایە هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتیش لە کەرکووک دەڵێن، پارتی دژی یەکدەنگی و بە یەک لیست بەشداریکردنی لایەنە کوردستانییەکانە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا و لەگەڵ پەرتەوازەبوونی کوردە لە کەرکووک.
 
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک ئەوە رەتدەکاتەوە حیزبەکەی لەگەڵ پەرتەوازەبوونی کورد بێت و دووپاتی کردەوە، پێشتر داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کردووە، بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بن، "ئەگەر هەر نا، گوتوومانە بەشێکتان لەگەڵ ئێمە داببەزن و بەشێکیشتان لەگەڵ یەکێتی، بەڵام ئەوان نە لەگەڵ ئێمە و نە لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانێتییان پێکنەهێنا." 
 
دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2013 کراوە، بەڵام لە پارێزگای کەرکووک لە دوای 2005ـەوە ئەم هەڵبژاردنە نەکراوە. ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، بە کەرکووکیشەوە.
 
لە رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان کەرکووک و دەوروبەریان کۆنترۆڵکرد، پارتی لە کەرکووک "بە ناچار" کشایەوە و بارەگاکانی چۆڵکرد، محەممەد کەمال سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن و گەڕانەوەیان بۆ کەرکووک باسی لەوە کرد، "ئەو بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ناوەندێکی بڕیاردانی بەهێز لە بەغدا؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت بارەگاکان رادەستی پارتی بکاتەوە، بەڵام هەندێک میلیشیای لابەلا بوونەتە هۆکار و رێگە نادەن."
 
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک گوتیشی، لەم رۆژانەدا برووسکەیەک لە بەغداوە بۆ پۆلیسی کەرکووک نێردراوە کە دەبێ بارەگاکان رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەو حیزبانە بکرێتەوە کە لەگەڵ پارتی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بارەگاکانی خۆیان.