سەمیر شنگالی - رووداو
دوای چاوەڕوانییەکی درێژ، جارێکی دیکە خاکی شنگال باوەش بۆ ئێسک و پروسکی رۆڵەکانی دەکاتەوە. رووفاتی 22 قوربانیی دیکەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان، کە چیرۆکی ژیانیان لەسەر دەستی داعش بەبێ ماڵئاوایی کۆتایی پێهات، گەڕێندرانەوە بۆ ئارامگەی ئەبەدییان.
هەر تابووتێک، چیرۆکێکی تەواونەکراو و ئازارێکی بێکۆتایی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. ئەمە هەشتەمین کاروانی گەڕانەوەی رووفاتەکانە، بەڵام برینی شنگال هێشتا ساڕێژ نەبووە. دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ چاوەڕێی هەڵدانەوەن و چارەنووسی زیاتر لە 2,500 بێسەروشوێنی دیکە نادیارە. خێزانەکان لە نێوان ئازاری بەخاکسپاردنی ئازیزانیان و هیوا بۆ دۆزینەوەی ئەوانی دیکەدا، رۆژگار بەڕێدەکەن.
هەرچەندە ئەم گەڕانەوەیە کۆتایی بە چاوەڕوانیی هەندێک خێزان دەهێنێت، بەڵام هاوکات یادەوەریی تاوانێکی لەبیرنەکراو زیندوو دەکاتەوە؛ کۆمەڵکوژییەک کە تا ئەمڕۆش، بە هەزاران ئاوارە و برینێکی قووڵەوە، چیرۆکە تاڵەکەی بەردەوامە.