پۆلیسی سلێمانی: 17 سواڵکەرمان دەستگیرکردوون
رووداو دیجیتاڵ
هەڵمەتی دەستگیرکردنی سواڵکەران لە سلێمانی دەستیپێکردووە. گوتەبێژی پۆلیسی شارەکە دەڵێت، ئەوانەی دەستگیرکراون خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو هەفتەیە هەڵمەتێکی فراوانمان بۆ دەستگیرکردنی سواڵکەران لەنێو شاری سلێمانی دەستپێکردووە. تاوەکو ئێستا 17 سواڵکەر دەستگیرکراون."
سەرکەوت ئەحمەد گوتی: "9 سواڵکەریان شەوی رابردوو لە شەقامی سالم دەستگیرکران کە سەرجەمیان ژن بوون."
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو سواڵکەرانەی دەستگیرکراون بە زمانی کوردی قسە دەکەن، بەڵام هیچکامیان هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان نین."
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، سواڵکەرەکان هاونیشتمانییانیان بێزار کردبوو و تەنانەت "بەشێکیشیان دزییان لە هاونیشتمانییان کردووە و مۆبایلیان لێبردوون."
17ـی تەممووزیش پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بە فەرمانی ئومێد خۆشناو و لەسەر داواکاریی هاووڵاتییان، لە ئەمڕۆوە هەموو ئەو منداڵ، سواڵکەر و فاڵگرەوانەی لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل، ترافیکەکان و ناوچەکانی پیشەسازیی باکوور و باشووری هەولێر کاردەکەن، دەستگیر دەکرێن.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا کە سەر بە یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستانە، فەتوایەکی لەبارەی سواڵەوە هەیە.
فەتواکە لە رۆژی 11ـی ئایاری ئەم ساڵ بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "سواڵکردن له شهرعدا حهرام و نادروسته، مهگهر بۆ كهسێك به تهواوی پێویست بێت و هیچ سهرچاوهیهكی داهاتی نهبێت و له راستیدا ههژار و نهدار بێت".
لەبارەی هاوکاریکردنی سواڵکەرانەوە لە خاڵێکی فەتواکەدا هاتووە: "هاوكاریكردنی ئهو جۆره سواڵکەرانە به پارهی زهكات یان به پارهی خێریش نادروسته، چونكه نازاندرێ به دڵنیایی كه ئایا شایستەن یان نا".