كورتەباڵا شۆخەكە بەشداریی فیلمێكی نوێ دەكات

13-09-2017
دیمەن بورهان
نیشانەکردن نیان عەزیز
A+ A-

رووداو – هەولێر

نیان عەزیز، خانمە ئەكتەری سینەمایی و فۆتۆمۆدێل، بە (رووداو)ی راگەیاند كە بەشداری لە فیلمێكی سینەمایی نوێدا دەكات.

نیانی تەمەن 27 ساڵان، تاكە منداڵی خێزانەكەیەتی كە بە كورتەباڵایی لەدایكبووە، لە پێنج منداڵی خێزانەكەی، نیان دواهەمین منداڵیان بووە.

لەگەڵ لەدایكبوونی نیاندا، باوكی شەهید دەبێت، هەرچەندە نازانێت سۆزی باوكایەتی چۆنە و نەیبینیوە، بەڵام دەڵێت دایكی نەیهێشتووە هەست بەو بۆشاییە بكات "دایكم  باوكایەتی بۆ كردووم، هەرگیز لەبیری ناكەم".

نیان باس لە خەونەكانی دەكات و دەڵێت هیچ سنوورێك نییە رایبگرێت "زۆر منداڵ بووم لە چالاكییەكانی قوتابخانە بەشدار دەبووم، شانۆگەریمان دەكرد‌، بەردەوام بووم تا گەیشتم بە كاری سینەمایی".

یەكەم دەركەوتنی نیان لە كاری سینەمادا، لە فیلمی كلاسیكۆ بوو كە دەرهێنەرەكەی هەڵكەوت مستەفایە. ئەو فیلمە لە 56 وڵاتی جیهان نمایشكرا و خەڵاتی باشترین فیلمی ساڵی لە نەرویج پێ بەخشرا، بەڵام نیان بەهۆی شكانی قاچییەوە نەیتوانی لەو رێوڕەسمەدا بەشدار بێت. ئێستاش دڵی بەوە خۆشە كە شوان عەتوفی سینەماكار بۆ ساڵی داهاتوو پرۆژەی بەرهەمهێنانی فیلمێكی سینەمایی لەبەردەستە و داوای لەو كردووە رۆڵی سەرەكیی تێدا ببینێ.

بە فۆتۆمۆدێل تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیوە



وێنەكانی نیان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیوە، لەم چەند رۆژەشدا تازەترین وێنەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوە و بووە جێی سەرنجی هەمووان كە كچێكی كورتەباڵا بۆ یەكەمینجار لە كوردستان و عێراقدا كاری فۆتۆمۆدێل بكات.

نیان گوتی "فۆتۆمۆدێل خەونی منداڵیم بوو، هەمیشە حەزم كردووە ركابەری نمایشكارە جیهانییەكان بكەم، بۆیە بەرەو كاری مۆدێل هەنگاوم نا، سەربەرزم كە خانەوادەكەم تەواو پشتگیریم دەكەن، ئەمە بووە هۆی ئەوەی هەنگاوی باشتر بنێم، بوێرانە بەرەو رووی ئاستەنگەكان بچم. هیچكات هەستم بە كەمئەندامێتی خۆم نەكردووە، چونكە خێزانەكەم فێری بڕوابەخۆبوونیان كردووم. دوای خێزانەكەشم هەتا ماوم خۆم بە قەرزاری كۆمەڵەی كورتەباڵایان دەزانم، كە فێری هیوا و گەشبینی و زۆر شتی دیكەیان كردم، فێریانكردم كە ئامانجی ئێمە زۆر لە كەسانی ئاسایی زیاترە، هەر ئەوانیش قوفڵی دەرگای خەونەكانمیان كردەوە".

كەژان حەسەن خاتوونێكە كە كاری فۆتۆمۆدێل دەكات. نیان لەگەڵ ئەو فۆتۆگرافەرە كاری مۆدێل دەكات و دەڵێت "زۆر بە كارەكانی كەژان ئاسوودەم، حەزم لێیە لەگەڵ ئەودا كاربكەم".

داوای نمایش و ریكلامی لێدەكەن



نیان باس لەوەش دەكات كە لە زۆر شوێن داوای كاری رێكلام و نمایش و وێنەگرتنی لێدەكرێت، بەڵام حەزناكات زۆر دەركەوێت و هەموو شوێنێك بە شایانی كاركردن نازانێت "حەزناكەم هەموو رۆژێك لەسەر شاشە بم، دەمەوێت كەم و پوخت دەربكەوم، دواتر هەركەسێك و جێگایەك داوای كاریان كرد ناكرێ ئامادە بیت كاریان لەگەڵ بكەی، چونكە سەنگی خۆت دەبێت بزانیت و هەموو جێیەك شایانی ئەوە نییە كاری تێدا بكرێ".

نیان تاوەكو ئێستا بەشداری لە چەند رێكلامێكدا كردووە و دەڵێت "حەزم لە دەركەوتنە بە جلی نیمچەڕووت. بەڵام جلی نەشیاو و نامۆ بە كولتوور و كۆمەڵگاكەم حەزی لەبەر ناكەم، چونكە من تاكی ئەم كۆمەڵگایەم و ئەوانیش بە چاوی رێز و خۆشەویستی سەیرم دەكەن".

نیان سەرەڕای خولیای زۆری بۆ هونەر، بەڵام ئامادەیە لەپێناوی عەشقێك كە بۆ هاوسەرگیری بێت واز لە هونەر بهێنێت "ئەگەر هاوسەرگیرم بەمەرجی وازهێنان لە هونەر بێت واز دەهێنم، بەڵام كاتێك پلەی خۆشەویستی بۆ من لە عەشقدا بێت و رێز و خۆشەویستیم پێبدات، هەرچەندە ئێستا خۆشەویستم نییە و هاوسەرگیریش تائێستا لە بەرنامەمدا نەبووە".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە