رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یادی 20 ساڵەی هاتنی تیمی زەیتوونی کۆریای باشوور بۆ هەرێمی کوردستان کرایەوە.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، گۆرانیی 'باران بارانە'یە لەم کۆتایی هاوینە دا، بە دەنگی سینچۆل لیم، کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان.
گۆرانییەکەی بەهۆی یادی 20 ساڵەی دەستێپێکی پەیوەندییەکانی کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستانە.
کۆنسووڵخانەی گشتیی کۆریای باشوور، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵا و کەسایەتی و پێکهاتەکانی کوردستانی لە هەولێر بانگهێشتکرد تا دۆستایەتیی 20 ساڵە دووپات بکەنەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دۆستایەتی کورد و کۆرییەکان بە جیاوازتر لە دۆستایەتی زۆرینەی هاوڕێکانی کورد ناودەبات و دەڵێت ئەوان جیاوازتر دۆستایەتی ئێمەیان کرد.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئاهانەگەکەدا لەبارەی هاوکارییەکانی کۆریاوە گوتی: "ئەرکی کۆریای باشوور لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بە تەنیا سەربازی یان ئابووری نەبوو، بەڵکو ئەوە ئەرکێکی مرۆیی و ئاشتییانە بوو کە ئەوە لەسەر هەستیکی قووڵ بۆ یارمەتی و هاوکاری بناتنرابوو، ئەوکات ئەوان وەک دۆست بەناوی زەیتوون، کە مانای ئاشتی و ئاوەدانی و درێژکردنی دەستی هاوکاری دەگەیێنێت لێرەبوون".
بە نیشاندانی چەندین چالاکیی جۆراو جۆری کولتووریی کۆری و ئاوێتەکردنی بە کوردی و نیشاندانی خزمەتەکانی کۆریای باشوور بە خەڵکی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمەکە بەڕێوەچوو.
کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور دەڵێت، ئێمە و کورد پێشتر هاوڕێ بووین بەڵام ئێستا نزیکتر بووینەتەوە و دۆستی زۆرباشی یەکدین و بووینەتە خێزانێک.
سینچۆل لیم، کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەولێر بە رووداوی گوت: "پەیوەندییەکانمان سێ قۆناخی بە خۆیەوە بینیوە، قۆناخی یەکەم، ناسینی یەکتر بوو، ئەوە 10 ساڵیکی پێچوو تا باش یەکدیمان ناسی، پاشان قۆناخی دووەم دەستی پێکرد کە قۆناخی ئاڵوگۆڕی کولتووری بوو، و ئێستا لە قۆناخی سێیەمیداین، ئێمە دەستمانکردووە بە قۆناخی ئاڵوگۆڕی هزری، ئێمە چاومان خستووەتە سەر ئاڵوگۆڕی سیاسی و تەکنەلۆژیش کە ئەوەش ئاستێکی پێشکەوتووە".
کۆریای باشوور ژمارەیەک پڕۆژەی زۆری لە هەرێمی کوردستان هەیە، بڕیارە پەیوەندییەکانی هەردوولا بچنە قۆناخی پێشتر و سەرووترەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ