سەرۆکی هەرێمی کوردستان: دەبێت هەمووان بەرپرسیارییەتی لە دۆخی عێراق هەڵبگرن


رووداو - هەولێر 

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌گه‌ڵ حيزب و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان رایگەیاند، دۆخى عێراق كاريگه‌رى به‌سه‌ر ته‌واوى وڵات به‌ هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه‌ هه‌يه‌ و ده‌بێ هه‌مووان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ و چاكسازى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، به‌رپرسياريه‌تى هه‌ڵبگرن.
 
نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌گه‌ڵ حيزب و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان له‌ به‌غدا، جه‌ختى له‌ پشتگيريى هه‌رێمى كوردستان بۆ سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسيى عێراق كرده‌وه‌ و ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هه‌ر هاوكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌كى پێويست له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌ربڕى.
 
له‌ درێژه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و شاندى ياوه‌رى، به‌ جيا له‌گه‌ڵ عه‌ممار حه‌كيم، سه‌رۆكى رە‌وتى حيكمه‌ى نيشتمانى‌، هادى عامرى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى ئه‌لبيناء، د. نه‌سسار روبه‌یعی، سه‌رۆکی ده‌سته‌ی سیاسیی ره‌وتى سه‌در، نوورى مالیكى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى ده‌وڵه‌تى ياسا و ئه‌ياد عه‌للاوى، سه‌رۆكى فراكسيۆنى نيشتمانى، كۆبووه‌وه‌.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا دۆخى عێراق به‌گشتى و گرنگيى خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌يشتنێكى واقعيانه‌ بۆ دۆخ و قۆناخه‌كه‌، خۆپيشاندانه‌كان و هۆكار و لێكه‌وته‌كانى، چۆنيه‌تيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و جێبه‌جێكردنى داوا ره‌واكانى خەڵکی عێراق، پێشبينيى داهاتووى سيستم و پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات تاوتوێكران.
 
هه‌روه‌ها داكۆكى له‌ گرنگی هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراق بۆ چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخ و پێشهاته‌كاندا كرايه‌وه‌.

 

 
نێچيرڤان بارزانى و شاندەکەی كه‌ له‌ مسته‌فا سه‌يد قادر و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا جێگرانى سه‌رۆك و فه‌وزى هه‌ريرى، سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوون، بۆ ديدار و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆكايه‌تيى عێراقى فيدراڵ و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌ عێراقييه‌كان، سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ گه‌يشته‌ به‌غدا و دواى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كان گه‌ڕايه‌وه‌ هه‌ولێر.

 

 

پێشتریش سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئارامى و سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسيى عێراق دووپاتکردەوە.