گۆڕان كاندیدەكانی ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین یەكلادەكاتەوە

13-12-2014
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن گۆڕان ئیدارەی راپەڕین
A+ A-

رووداو - هەولێر

بزووتنەوەی گۆڕان لە 24 كاژێری داهاتوودا كاندیدی خۆی بۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان یەكلادەكاتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، بزووتنەوەی گۆڕان بۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین زیاتر لە كاندیدێكی هەیە، ئەوانیش بریتین لە رەسوڵ بچكۆل باژێڕوانی رانیە و محەممەد حاجی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و مستەفا سەلیم ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و قادر بەكر كاندیدی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە بەپێی دەنگەكان دەتوانێت بچێتە شوێنی د.دەرباز محەممەد كە دەستی لە پەرلەمانی عێراق كێشایەوەو بووە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی.

بۆ جێگری ئیدارەی گەرمیانیش واحید بەهجەت بۆ جێگری سەرپەرشتیار و شەهاب ئەحمەد بۆ پۆستی قایمقامی كەلار كاندیدی بەهێزن و چانسیان زۆرە.

بە پێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمشەو یاخود سبەی یەكشەممە 14ی كانوونی یەكەمی 2014 بزووتنەوەی گۆڕان كاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستانە یەكلادەكاتەوە.

جەمال محەممەد، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" لە ئایندەیەكی زۆر نزیك سەرجەم ئەو پۆستانە یەكلادەكەینەوە و كاندیدەكانیش بە فەرمی رادەگەیێنین چ بۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین چ بۆ جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە