بەدواداچوون بۆ لافاوەکەی چەمچەماڵ؛ 'رێڕەوەکانی ئاو بە زێدەڕۆیی گۆڕاون'

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی سەنتەری قەزای چەمچەماڵ گۆڕینی رێڕەوی ئاو و دروستکردنی باڵەخانەی زێدەڕۆ بە هۆکارێکی دروستبوونی لافاو دەزانێت. وەزیری رۆشنبیرییش دەڵێت، پێویستە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە هۆکارن بۆ گۆڕینی رێڕەوی ئاو.
 
ئەمڕۆ شەممە 13-12-2025، بووڵتەنی کاژێر 10ی تۆڕی میدیایی رووداو بە شێوەی مەیدانی لە قەزای چەمچەماڵ تۆمار کرا، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد و بە بەشداریی ژمارەیەک لە بەرپرسانی خۆجێیی قەزاکە و خەڵکی زیانلێکەوتوو، تاوتوێی هۆکاری دروستبوونی لافاو و قەبارەی زیانەکان کرا.
 
بەهۆی لافەوەکەوە، لە سنووری قەزای چەمچەماڵ خەڵکێکی زۆر زیانیان بەرکەوت. ئاو چووە نێو ماڵەکانیان، ئۆتۆمبێلەکانیان تێکچوو و چەندین دامەزراوەی حکومییش تووشی زیان بوون.
 
''زیاتر لە 4000 کتێب لەنێوچوون''
 
یەکێک لەو شوێنانەی کە لەکاتی دروستبوونی لافاوەکەدا زیانی زۆری بەرکەوت، کتێبخانەی چەمچەماڵ بوو. هێرش عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەکە رایگەیاند، ''یەکێک لە کێشەکان نزمبوونی شوێنی کتێبخانەی گشتییە. بەشێکی زۆری ئاوی لافاوەکە رووی لە کتێبخانەکە کردووە و زیانی زۆری بە کتێبەکان گەیاندووە.''
 
بەگوتەی هێرش عەبدولڕەحمان، زیاتر لە چوار هەزار کتێبی نێو کتێبخانەکە بەهۆی لافاوەوە لەنێوچوون، ''تێیاندا کۆمەڵێک کتێبی مێژوویی، جوگرافی و زانستی هەبوون کە دانسقەن. لەوانەیە سەرچاوەکانیان هەر نەمابن، یان ئەگەر هەشبن نرخەکانیان ئەوەندە زۆرە کە ناتوانین جارێکی دیکە بیانکڕینەوە. هەروەها زیاتر لە حەوت هەزار گۆڤار و رۆژنامەش تێکچوون.''
 
بەشێک لە رێکخراو و زانکۆکان هاوکاریی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی کتێب، بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی کتێبخانەی چەمچەماڵ دەربڕیوە. بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەکە ئاماژەی بەوە کرد، ''هاوکارییەکان دەبنە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە زیانەکان قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام لەنێوچوونی کتێبە دانسقەکان کاریگەریی زۆری هەبووە و لەوانەیە شوێنیان پڕ نەبێتەوە.''
 
وەک هێرش عەبدولڕەحمان دەڵێت، تاوەکو ئێستا تەنیا دیوی دەرەوەی کتێبخانەکە لە پاشماوەی لافاو پاککراوەتەوە، ''چونکە پێویستە کتێبخانە بە وردی پاکبکرێتەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ کاخەزدا ئەستەمە.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەی چەمچەماڵ داوای هاوکاری لە سەرجەم زانکۆ، رێکخراو و دەزگاکانی چاپەمەنی دەکات بۆ کۆکردنەوەی کتێبی زیاتر بۆ کتێبخانەکەیان.
 
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەسەرکردنەوەی کتێبخانەی چەمچەماڵ سەردانی قەزاکەی کردووە. هێرش عەبدولڕەحمان دەڵێت، ''داوای لێدەکەم زۆر بە جدی کار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە بکەن کە هەن.''
 
رووداو دەستبەجێ دەنگی هاونیشتمانییەکی گەیاند
 
هەر لە رووماڵەکەدا ژنێکی خەڵکی قەزاکە بەناوی سوەیلە قسەی بۆ ئارێز خالید کرد و گوتی، ''بە تەنیا دەژیم. لافاو زیانی زۆری پێگەیاندووم و هیچ شتێکم نەماوە، دراوسێکان هاوکاریم دەکەن، تەنانەت ئەو پاڵتۆیەی لەبەرمدایە ئەوان پێیان داوم.''
 
سوەیلە گوتیشی، ''تەنیا 5000 دینارم پێیە. ئەویشم لە خەڵک وەرگرتووە، هیچ هاوکارییەکیان بۆ نەهێناوم. ماڵێکی خۆشم هەبوو، بەڵام ئێستا هیچم نەماوە.''
 
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، لەکاتی لافاوەکەدا زێڕ و پارەی لە ماڵەوە هەبووە، بەڵام هیچی نەماوە و تەنیا توانیویەتی خۆی رزگار بکات.
 
هەر لەکاتی رووماڵەکە و پەخشی راستەوخۆی قسەکانی سوەیلە، لەلایەن دەزگای روانگەوە پەیوەندی بە تۆڕی میدیایی رووداوەوە کرا و رایانگەیاند، بۆ هاوکاریکردنی ئەو هاونیشتمانییە، سەردانی ماڵەکەی دەکەن.
 
''گۆڕینی رێڕەوەکانی ئاو هۆکارێکی دروستبوونی لافاوەکە بوو''
 
ئارام نەجات، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ ئاماژەی بە هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو لە سنوورەکە کرد و گوتی، ''بەشێکی کارەساتەکە سرووشتی بوو، دەیان ساڵە بارانی لەو شێوەیە لە ناوچەکەدا نەباریوە، بۆیە رێڕەوەکانی ئاو توانای لەخۆگرتنی ئەو بڕە ئاوەیان نەبوو.''
 
هاوکات ئارام نەجات وەک یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو باسی لە دەستکاریکردنی رێڕەوەکانی ئاو کرد و گوتی، ''بەشێک لە رێڕەوەکان بەهۆی دروستکردنی باخ، باڵەخانە و خانووی زێدەڕۆ لە بناری مۆفەرە و نزیک پڕۆژەی نیشتەجێبوونی چەرمووستی گۆڕاون. ئەگەرنا، نەدەبووایە ئەم ئاوە بێتەوە نێو چەمچەماڵ.''
 
وەک سەرۆکی شارەوانیی سەنتەری چەمچەماڵ دەڵێت، خانوو و باخە زێدەڕۆکان ناکەونە سنووری شارەوانیی ئەوان، ''بەڵکو دەکەونە سنووری شارەوانیی ناحیەی شۆڕش.''
 
ئارام نەجات ئەوەشی خستەڕوو، بۆ پاککردنەوەی پاشماوەی لافاو کێشەی کەمیی ئامێریان هەیە و ''لە شارەوانیی چەمچەماڵ تەنیا یەک شۆفڵ، بارهەڵگرێک و دوو تانکەرمان هەن کە فریای هیچ شتێک ناکەون.''
 
سەرۆکی شارەوانیی سەنتەری قەزاکە ئاماژەی بەوە کرد، پێنج رۆژ بەر لە روودانی لافاوەکە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا باسیان لە کەموکورتییەکانی چەمچەماڵ کردووە، ''ئێرە شارێکە سەرەڕای ئەو هەموو سامانەی کە تێیدا هەیە، هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە.''
 
بەگوتەی ئارام نەجات، مانگانە تەنیا هەشت ملیۆن دیناریان (وەک نەسرییە) بۆ تەرخان کراوە، ''بەڵام دوای لافاوەکە کۆمەڵێک ئامێرمان بە شیوەی کاتی بۆ دابین کرا.''
 
ئەمڕۆش شەپۆلێکی باران ناوچەکەی گرتووەتەوە و بارانبارین لە چەمچەماڵ بەردەوامە. سەرۆکی شارەوانیی سەنتەری قەزاکە ئاماژەی بەوە کرد، ''هەوڵمان داوە هەموو ئەو شوێنانەی کە پێشتر ئاوی تێدا وەستابوو، پاکبکرێنەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیش، بارانبارینەکە بەو شێوەیە نابێ کە مەترسی لێبکەوێتەوە.''
 
ئارام نەجات جەختی لەوە کردەوە، ''پێویستە بودجەیەکی تایبەت بۆ چەمچەماڵ دابین بکرێ، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لافاوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.''
 
''تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان تاوەکو پێنجشەممە بەردەوام دەبێ''
 
عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ لە رێگەی رووداوەوە داوا دەکات کە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیران لە چەمچەماڵ بکرێ، ''بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری گرفتەکانی قەزاکە ببن.''
 
بەگوتەی عومەر عەلی، دوێنێ 180 ئۆتۆمبێل تۆمار کراون کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، ''ئەمڕۆش لە بەیانییەوە لیژنەکەمان دەستبەکار بووەتەوە و تاوەکو رۆژی پێنجشەممە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێ.''
 
بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ دەڵێت، دوای تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکان، لیستەکە دەدرێتە لیژنەی خەمڵاندن و قەرەبووی زیانلێکەوتووان، بۆ ئەوەی بەگوێرەی زیانەکان قەرەبوو بکرێنەوە.
 
''پێویستە شوێنی کتێبخانەی چەمچەماڵ بگۆڕدرێت''
 
هاوکات حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان کە بۆ سەردانیکردنی کتێبخانەی چەمچەماڵ لە قەزاکەیە، قسەی بۆ سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی روودا کرد و گوتی، ''بەداخەوە مرۆڤ تاوەکو نەیەتە نێو چەمچەماڵ نازانێت قەبارەی زیانەکانی لافاو چەندە زۆرە.''
 
وەک حەمەی حەمەسەعید ئاماژەی دا، کتێبخانەکە بە تەواوی لەنێوچووە. ''لەگەڵ لیژنەکان قسەم کردووە چارەسەری بنچینەیی بۆ ئەم بابەتە بدۆزرێتەوە. رەنگە بە نۆژەنکردنەوە و پاککردنەوە کێشەکە چارەسەر نەبێ.''
 
وەزیری رۆشنبیری ئەوەشی خستەڕوو، ''لیژنەیەک پێکهێنراوە و قسەمان لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی بزانین کە چی بکەین. نابێ هۆکارەکان بشاردرێنەوە و پێویستە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.''
 
حەمەی حەمەسەعید جەختی لەوە کردەوە، پێویستە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە هۆکار بوون بۆ گۆڕانی رێڕەوی ئاو. من خۆم پرسیارم کرد و دەرکەوت کە وایە و رێڕەوی ئاو گۆڕدراوە.''
 
وەزیری رۆشنبیری ئاماژەی بە گرنگیی گۆڕینی شوێنی کتێبخانەی چەمچەماڵ کرد و گوتی، ''ئێمە باڵەخانەیەکمان لە چەمچەماڵ هەیە، بەڵام ئێستا سەرۆکایەتیی زانکۆی چەمچەماڵی تێدایە. لەگەڵ لیژنەکان قسەمان کردووە شتێک بکەن بۆ تەواوکردنی باڵەخانەکەی سەرۆکایەتیی زانکۆ، بۆ ئەوەی بیناکەی ئێمە چۆڵ بکرێت. ئەو کات دەتوانین کتێبخانە و دامەزراوەکانی دیکەمان کە تووشی زیان بوون، لەوێدا کۆبکەینەوە.''
 
بەهۆی بارانبارینەوە لە 9ـی کانوونی یەکەم لە بەشێکی باشووری کوردستان لافاو دروستبوو.
 
لافاوەکە تەنیا زیانی مادی نەبوو، بەڵکو بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج هاونیشتمانی و بێسەروشوێنبوونی ئەندازیارێکی عەرەب.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لافاوەکەی چەمچەماڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش: فراوانبوونی شار رێڕەوەکانی ئاوی گۆڕیوە

سەرپەرشتیاری کۆکردنەوەی زانیاریی زاینلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەڵێت، لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە زیانەکانی لافاوەکە تۆمار دەکرێن. بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕشیش ئاماژە بەوە دەکات، ''لەگەڵ فراوانبوونی شار و دابەشکردنی زەویدا، رێڕەوەکانی ئاو گۆڕاون.''