رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی تەقتەق رادەگەیەنێت بەهۆی لافاوی چەند رۆژی رابردوو، نزیکەی ملیۆنێک ماسی و 200 حەوزی ماسی لە نێوچوون، هەروەها زیان بە سەدان دۆنم زەوی و هەزاران دار گەیشتووە.
سەباح عوسمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی تەقتەق لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشدەکات، رایگەیاند کە ئەم ساڵ لە چاو ساڵی رابردوو بارانێکی زیاتر باریووەو جووتیاران دەتوانن دەست بە چاندنی بەرهەمەکانیان بکەن و گوتی" ئەم ساڵ لە تەقتەق 120 ملیم باران باریوە، کە ئەمە رێژەیەکی دڵخۆشکەرەو ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە تەنیا 33 ملم بووە، بەڵام ئەم ساڵ لە ئێستاوە پەڵە کەوتووە و جووتیاران دەتوانن تۆوەکانیان بچێنن."
ئاسۆ مستەفا، قایمقامی تەقتەق رۆژی هەینی 12/12/2025 رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک 2.5 بۆ 3 مەتر بەرزبووەوە، زیانێکی زۆر بە گوندنشینانی سنووری قەزاکە کەوتووە و ''لافاوەکە پڕۆژە گەشتیارییەکان، پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و حەوزەکانی ماسی تێکداوە.''
سەباح عوسمان ئاماژە بەوە دەکات، کە گوندەکانی تەقتەق بەشێکیان دەکەونە سەر رووباری زێی بچووک، بۆیە قەبارەی زیانەکان لە ناوچەکەیان زیاترە و دەڵێت، "21 گوند لە سنوورەکەمان هەن، کە زۆربەی دەکەونە سەر زێی بچووک، 7 تا 8 گوند زیانی پێگەیشتووە".
بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی تەقتەق ئاماژە بەوە دەکات، کە زۆرترین زیان بەر خاوەن پرۆژەکانی ماسی کەوتوون و نزیکەی ملیۆنێک ماسی لەنێوچوونە و گوتی،: زیاتر لە 200 حەوزی ماسی تەنیا لە تەقتەق و بەشێکی دیکەیان لە سنووری ئێمە و کەرکووک لەنێوچوون، بەپێی ئامارەکان لە سنووری ئێمە نزیکەی 800 هەزار ماسی و لە کەرکووک 200 هەزار ماسی لەنێوچوون، بەگشتی نزیکەی ملیۆنێک ماسی بەهۆی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردوو لە نێوچوونە."
قەزای تەقتەق (90 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی هەولێر)، لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی کوردستان، زۆرترین حەوزی ماسیی تێدایە، کە زۆربەی حەوزەکان لەسەر لێواری زێی بچووک دروستکراون و بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. هەر حەوزێک سێ تاوەکو 10 هەزار ماسی تێدابووە.
سەباح عوسمان لەبارەی زیانی جووتیارانەوە ئامارێکی تەواوی نەدا، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا سەرژمێری گشتی بۆ تەواوی زیانەکان نەکراوە، بەڵام ئاماژەی بە خەمڵاندنە سەرەتاییەکی کرد و گوتی، "بە سەدان دۆنمی زەوی جووتیاران لەنێوچووە، کە بەرهەمی قەیسی، هەنجیر، خاس لە خۆدەگرێت، بەهەزاران داریش لەنێوچوونە، بەهۆی قۆڕاو و دانەبەزینی ئاستی ئاو لە هەندێ ناوچە تیمەکانمان نەیانتوانیووە خەمڵاندنی کۆتایی بۆ زیانەکان بکەن، تا ئێستاش 170 جووتیار پەیوەندییان پێوەکردووە، کە زیانیان پێگەیشتووە."
لەبارەی بەرهەمی ماسی لە سنووری تەقتەق پێش لافاوەکە، سەباح عوسمان گوتی، "بەرهەمی رۆژانەی حەوزی ماسی لە تەقتەق لە 30 بۆ 60 تۆن دەبوو، بەرهەمی حەوزەکانی ماسی تەقتەق زیاتر لە هەرێمی کوردستان ساغ دەکرێنەوە و بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەنێردرێت."
لە رۆژی یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمەوە بارانی بەخوڕ لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد، بەهۆیەوە دوو رۆژ دواتر لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی تەقتەق باس لە دەوڵەمەندیی تەقتەق لە رووی کشتوکاڵییەوە دەکات و دەڵێت، "بەرهەمی رۆژانەی هەنجیر لە تەقتەق لە نێوان 30 بۆ 70 تۆن و بەرهەمی لۆبیە 150 تۆن بووە، جگە لە بەرهەمەکانی دیکە، کە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ساغ دەکرانەوە و بەشێکی دیکەیان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێردران".
سەباع عوسمان باس لە هەوڵەکانی رێگری لە لافاو و قەرەبووکردنی زیانەکان دەکات و دەڵێت، "ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لە تەقتەق زیانی گیانی نەبووەو تەنیا زیانی ماددی بووە، قایمقامییەت و شارەوانی و بەرگریی شارستانی پلانی باشیان هەبووە، کە رێگە لەبەردەم هەر رووداوێکی نەخوازراو بگرن، نوێنەری بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستانیش هاتووەتە سەر هێل و بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی داوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ