رووداو- سلێمانی
هونەرمەند کەریم کابان خەونی ئەوە بوو سەربەخۆیی کورد ببینێ بەڵام نەیدی و رۆژی پێنجشەممە 14-1-2016 لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
کەریم کابان لە سەر ئاستی کوردستانی گەورە وەک دەنگێکی رەسەن و پیاوێکی بە ویقار ناسراوە، وێڕای هەڵکشانی تەمەنی، وەک مۆزیکژەنەکان دەڵێن"هەمیشە ئیستقرار لە دەنگیدا هەبوو"، جگەلەوەی وەک موئەدیەکی باش دەناسرا هاوکات لە هەڵبژاردنی دەقە شیعریەکانیشدا سەلیقەدار بوو، گۆرانیەکانی کەریم کابان کەمن بەڵام لە زهنی گوێگردا کاریگەر و زیندوون.
كەریم كابان، ئەو هونەرمەندەی لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابردوو، لەڕێگەی گۆرانییەكانیەوە بووە هونەرمەندێكی دیاری سەردەمەكەی خۆی، دوای 89 ساڵ بەڕێكردنی ژیان، كۆچی دوایكردوو .
سۆران كابان كۆڕی كەریم كابان بە رووداوی راگەیاند: "وەسیەتی باوكی من ئەوە بوو كەپارێزگاری لەگۆرانییەكانی بكەین تاوەكو وەك سەرمایەیەك بمێنێتەوە بۆ نەوەكانی دوای خۆی، تەنیا خەونیشی ئەوە بوو كەسەربەخۆیی ببینێت و كورد ببێتە خاوەن دەوڵەت".
یادەوەری و خەرمانی كارەهونەرییەكانی جێگەی خۆشەویستی و شانازیە بۆ هاوڕێیانی، كاتێك خەڵكی ناوی كەریم كابان دەهێنن، دەڵێن كێ هەیە دوای كۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە گۆرانی ئەی تەمەنی پڕئەسرینم و یاران وەسێتمی لەیادەوەریدا بسڕێتەوە .
عەبدولقادر حەسەن گۆرانیبێژ بە رووداوی راگەیاند: "هەر هۆنراوە و ئاوازێك دانسقە نەبوایە نەی دەكردە گۆرانی، ئەو ئاواز و هۆنراوانەشی هەڵی دەبژراد بۆخۆی و قادر كابانی برای شتی بژاردەبوون تاوەكو ئێستا بەزیندوویی ماوەتەوە".
زاهیر جەلال گۆرانیبێژ بە رووداوی راگەیاند: "تاوەكو ئەم دەقیقەیەش پیر و گەنجەکان گوێ لەگۆرانییەكانی كەریم كابان دەگرین سەری بۆ رادەوەشێنین، هەموومان كە گوێمان لەو گۆرانیانە دەبێت مێشكمان ئیسراحەت دەكات".
هونەرمەند كەریم كابان ناوی عەبدولكەریم جەلال مەحموودە سالی 1927 لەشاری سلێمانی لە دایكبووە ،سالی 1945 بۆیەكەمینجار گۆرانی تۆمار كردوە و لەرۆژی 14-1-2016 كۆچی دواییكرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ