رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی سێ ساڵ لە راگرتنی زیاکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆرمی خۆراک، زیادکردنی ناوی منداڵ لە هەڵەبجە و دهۆک دەستیپێکردەوە. بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، لە هەولێر و سلێمانی منداڵ زیادناکرێ، بەڵام سیستمەکە کراوەتەوە.
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی سیستمی بەئەلیکترۆنیکردنی پسووڵەی خۆراک بۆ ماوەیەک بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە راگیران، ئێستا ئەپلیکەیشنەکە کاراکراوەتەوە".
بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی گوتی: "ئێستا خزمەتگوزارییەکانی وەک بلۆککردنی ناو، لابردنی بلۆککردنەکە و سڕینەوەی ناوی مردوو بەردەستە، بەڵام خزمەتگوزارییەکانی وەکو زیادکردنی منداڵ، مامەڵەی خێزانی نوێ و گواستنەوەی بریکار لە پارێزگاکە بەردەست نییە".
لە 05-03-2023ـەوە گواستنەوەی فۆرمی خۆراک و زیادکردنی ناوی منداڵ، هەروەها هەموو ئەو خێزانە نوێیانەی دروستبوون، نەیانتوانیوە ببنە خاوەن فۆرمی خۆراکی تایبەت بە خۆیان بۆ بەشەخۆراکی مانگانە.
ئاراس محەممەد گوتی: "لە چەند پارێزگایەکی عێراق و لە دهۆک و هەڵەبجەش لە هەرێمی کوردستان، تەنیا زیادکردنی ناوی منداڵ کارا بووە و لەوێ دەتوانرێ ناو زیادبکرێ، بەڵام هێشتا سیستمەکە نەبووەتە گشتی و لە سلێمانی و هەولێر ئەم خزمەتگوزارییە بەردەست نییە".
بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەموو عێراق گواستنەوەی فۆرم و فۆڕمی خێزانە نوێیەکان کارا نەبووە و بڕیارە قۆناخ بە قۆناخ هەمووی بکرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە هەولێر لە راگەیێندراوێكدا دەڵێت: "وەزارەتی بازرگانی عێراق خزمەتگوزارییەکانی ناو ئەپلیکەیشنەکەی کردووەتەوە، دوای ماوەیەک راگیرانی بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە".
لە راگەیێندراوەکەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی هەولێردا ئاماژە بەوە کراوە کە "خزمەتگوزاری بلۆککردن، لابردنی ناوی بلۆککراو و سڕینەوەی ناوی مردوو بەردەستە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە نەکراونەتەوە".
یەکەم جار 2ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و 02ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ کۆتاییهات، جارێکی دیکە 10-11-2025 فۆرمەکە بۆ 10 رۆژ بێبەرامبەر کارا کرایەوە و دواتر داخرایەوە و پاشان لە بەرامبەر رسوماتی پارەدایە کرایەوە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو سەرەتای مانگی 12ـی پار، لە هەرێمی کوردستان 93.91%ـی هاونیشتمانیان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکدا خۆیان تۆمارکردبوو کە بە گوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە بوو: هەولێر 94.14%ـی دانیشتووان، سلێمانی 93.68%، دهۆک 93.67% و لە هەڵەبجەش 96.80%ـی دانیشتووانەکەی خۆیان تۆمار کردووە.
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ