13ی مانگ دۆسیەی مامۆستا ساكار یەكلایی دەكرێتەوە

14-03-2013
فەرمان چۆمانی
نیشانەکردن کوشتنی مامۆستا ساكار
A+ A-
فەرمان چۆمانی
رووداو -رانیە
مامۆستا ساكار حەمەدەمین كە زیاتر لە ساڵێك بەسەر كوشتنیدا تێپەڕیوە و تا ئێستاش باوكی كە تۆمەتبارە بە كوشتنی لە زینداندایە، چاوەڕوان دەكرێت رۆژی چوارشەممەی داهاتوو دۆسیەكەی یەكلایی بكرێتەوە.

شەوی 4/2/2012، ساكار حەمەدەمین، كە مامۆستای بنەڕەتی بوو لە گوندی دەڵاڵانی سەر بەناحیەی سەركەپكان لە قەزای رانیە، درایە بەردەستڕێژی گوللە و دوای 2 رۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. دوای رووداوەكە باوكی ساكار بە تۆمەتی كوشتنی كچەكەی دەستگیر كرا، بەڵام رۆژی 11/9/2012 دادگا بڕیاری ئازادكردنی دا. دوای چەند رۆژێك جارێكی دیكە دەستگیر كرایەوە و رۆژی 10/1/2013 دادگای تەمیزی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بڕیاری دا سەرلەنوێ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بۆ دۆسیەكە بكرێتەوە.

بەپێی زانیاری (رووداو) كە لەكەسێكی ئاگادار لە دۆسیەكەوە دەستیكەوتووە "رۆژی 3ی ئەو مانگە رۆژی دادبینی لەو دۆسیەیە دواخراوە بۆ 13ی ئەم مانگە، دۆسیەكە لەو رۆژەدا یەكلایی دەكرێتەوە و چاوەڕوان دەكرێت بە سزادانی تۆمەتبارەكە كۆتایی بێت، چونكە كەسێكی نزیكی مامۆستا ساكار شایەتی داوە كە ساكار لەلایەن باوكییەوە كوژراوە".

گرووپی ژیان كە سەرقاڵی ئەو دۆسیەن، دەڵێن ئەوانیش زانیارییان لەسەر ئەو شایەتە هەیە، بەڵام زانیاری بڵاوناكەنەوە بۆ ئەوەی كار لە رێڕەوی دۆسیەكە لە دادگا نەكات. ئەوانیش چاوەڕێن رۆژی 13ی ئەو مانگە دۆسیەكە یەكلایی ببێتەوە.

سەفین حەمەدەمین، برای مامۆستا ساكار، بە (رووداو)ی راگەیاند "خۆمان داوامان كردووە دۆسیەكە یەكلایی بكرێتەوە و كۆتایی پێبهێنرێ"، گوتیشی "ئەگەر دادگا بە سزادانی باوكم دۆسیەكە یەكلایی بكاتەوە هەڵوێستی ئێمە تەنیا تانەدانە لە بڕیارەكە".

رێبوار مام ئاغا، پارێزەری باوكی ساكار ئەگەرچی ئامادە نەبوو وردەكاری دادگاییكردنەكە بۆ (رووداو) ئاشكرا بكات، بەڵام رایگەیاند "كاتێك دادوەر گوتەی كەسێك وەردەگرێت خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ دەكات، بەڵام لە رووی یاسایی ئەگەر پێشتر شایەت كەسێكی تۆمەتبار نەكردبێت و دواتر تۆمەتباری بكات شایەتەكە ئیعتباری بۆ ناكرێت".

كەسوكاری مامۆستا ساكار هەمیشە ئەوە رەتدەكەنەوە كە باوكی بكوژ بێت و پێیانوایە كەسێكی بێ تاوانە، لە لێدوانێكی پێشووتریدا بۆ (رووداو) برای ساكار گوتبووی "خوشكەكەم لەگەڵ دایكم لە یەك ژوور بوون لە كاتی رووداوەكە، كارەبا نەبووە، بۆیە دایكم نازانێ كێیە و تاوانبارەكەی نەدیتوە و لەگەڵ دەنگی تەقە وەئاگا هاتووە، ناشتوانین كەس تاوانبار بكەین و هیچ سەرەداوێكمان دەستنەكەوتووە، ئەگەرنا خۆشمان بەدوای تاوانبارەكەدا دەگەڕێین".

 ئەوەی پتر گومانەكەی لەسەر باوكی مامۆستا ساكار چڕتر كردووەتەوە، ئامادە نەبوونی بوو لە پرسەی كچەكەیدا. سەفین دەڵێت "راستە باوكم لە پرسەی خوشكەكەم ئامادە نەبوو، چونكە نەیدەدا بەو كوڕەی خوازبێنی كردبوو و بەدڵی نەبوو، دواتر من و دوو خاڵمی راسپارد تا كۆتایی پێبهێنین و بیدەینە ئەو كوڕە". گوتیشی "هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێ كە باوكم ئەو تاوانەی كردووە".





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە