كێ بنێرینە بەغدا؟

14-04-2018
د. مەیادە نەجاڕ
نیشانەکردن پەرلەمانی عێراق
A+ A-

دوایین خولی پەرلەمانی عێراق و نوێنەرایەتیکردنی کورد تێیدا سەرکەوتوو نەبوو، ئەگەر بە پێوەری نەتەوەیی و نیشتمانی هەڵسەنگاندیان بۆ بکەین، چونکە ئەوان لە بەغدا نوێنەرایەتی ماف و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن. 

پەرتەوازەیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و خۆتەسلیمکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار بە ئەجێندای ئەو لایەنانەی کە دووژمنایەتی هەرێمی کوردستانیان بە ئامانجی گەورە و پیرۆز داناوە، دیارترین هەڵوێستن کە نوێنەرانی کوردیان پێدەناسرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا فراکسیۆن و ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتار بە هەموو توانا و دڵسۆزییەوە تێکۆشاون بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵام بەهۆی هەبوونی ئەو کەلێنەی کە هەندێک فراکسیۆنی کوردستانی و لەنێویشیاندا چەند پەرلەمانتارێک دروستیانکرد، پێگەی کوردی لە بەغدا بەرەو لاوازی برد.

پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا زۆرترین گوشاریان لەسەربوو لەلایەن فراکسیۆنە عەرەبییەکان بە شیعە و سوننەوە، هەروەها گوشاری ژمارەیەک فراکسیۆنی کوردستانی کە هاوهەڵوێستی عەرەب بوون، بەڵام نە فراکسیۆنی پارتی وەک درێژبوونەوەی سیاسەتی پارتی لە هەولێرەوە بۆ بەغدا، هەروەها نە پەرلەمانتارێکی پارتی وەک نوێنەرانی مافە نەتەوەییەکان تەنازولیان نەکرد و دەستبەرداری تێکۆشان نەبوون بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکان.

سیاسەت و ستراتیژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بزاڤێکی نەتەوەیی و نیشتمانی سەرچاوەی گرتووە کە مستەفا بارزانی چوارچێوەکەی بۆ کێشاوە، پارتییەکان لە هەر دۆخێک و دەمێکدا بن هێزی لێوەردەگرن و لەبەردەم دۆست و دووژمنان دانامێنن بەتایبەتی لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا. 

ئەزموونی پارتی لە بەغدا لە حیزبە کوردستانییەکانی دیکە زۆرترە و مێژووەکەیشی درێژترە و لە چەند قۆناخێکی جیاوازیشدا بەغدای کردووەتە ناوەندی تێکۆشان لەپێناو وەدیهێنانی ئەو مافانە، لە سەرەتای ساڵانی شەستەوە تاوەكو ئەمڕۆ لە چوونی شاندە دانوستاندنکارەکانی شۆڕش تاوەكو رێككەوتننامەی یازدەی ئازار و چوار ساڵی ئەزموونی ئۆتۆنۆمی و پاشانیش قۆناخی دوای راپەڕین تاوەكو قۆناخی ئێستامان، لە دەرئەنجامی رووخانی رژێمی سەددام وەبەرهاتووە، لەو مێژووە درێژە کەس و زروفەکان گۆڕان، بەڵام هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پارتی گۆڕانیان بەسەردا نەهات.

لە مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستاندا چەند پەند و رووداوێک هەن بۆ ئەوڕۆ باشتریین بەرچاوڕونین کە لە کولتوور و فەلسەفەی کاری بارزانی نەمر بەزیندوویی ماونەتەوە. لە سەروبەندی رێکكەوتنی شۆڕش بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی لەگەڵ حکومەتی عێراق لە ساڵی 1970 دا، حکومەتی عێراق داوادەکات شاندێکی کوردستان بچنە بەغدا بۆ رێکكەوتنی کۆتایی، مەکتەبی سیاسی بە بارزانی دەڵێن کێ لە شاندەکە دابنێنن، بارزانی پێیاندەڵێ هەر کەسێک دادەنێن گرفت نییە و ئێوە ئازادن، تەنیا ئەو کەسانە دامەنێن کە چاویان لەوەیە لە بەغدا پۆست وەرگرن یان بەرژەوەندی شەخسیان هەبێت.

ئەو وەڵامەی بارزانی نەمر بۆ ئێستا جوانترین و عەقڵانیترین پێوەرە کە پێویستە هەموو حیزبەکانی کوردستان بیکەنە مەرجی دیاریکردنی بەربژێرەکانیان و دەنگدەرانی کوردستانیش هەقە ئەوە بکەنە مەرجی دەنگدانیان بە لیست و کەسەکان، ئەوانەی لەو خولەدا لە حیزب و کەس لە بەغدا نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانیان کرد، ئەوەیان سەلماند تاوەكو چەند پێگیرن بە خاک و نەتەوەی خۆیان و تاوەكو چەندیش ئامادەن خۆیان و خاکیان هەڕاج بکەن و خوێنی سەت ساڵ رژاوی گەلی کوردستان و مافە رەواکانی بە چەند دەستکەوتێکی حیزبی و شەخسی بگۆڕنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە