رووداو دیجیتاڵ
بە درۆن هێرش کرایە سەر کەمپەکانی ئازادی لە سنووری کۆیە لە پارێزگای هەولێر و سوورداش لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی. بەرپرسی هێزێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، بریندار هەیە.
رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە."
بە گوتەی کاوە بەهرامی، "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە؛ تەنیا زیانی مادی لێکەوتووتەوە."
هەر لەو بارەیەوە، ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئەم ئێوارەیە بە درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی."
ئەمجەد حوسێن پەناهی گوتی: "لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ کەس بریندار بوون و برینی دوو لە بریندارەکان سەختە و بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە."
کەمپی سوورداش، کەمپی هاوبەشی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ئێوارەیە دوو درۆن بە ئاسمانی ئیدارەکەماندا تێپەڕین."
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، درۆنەکان لە سنووری قەزای خەلیفان خراونەتە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 05:04ـی ئێوارە، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی پارێزگای هەولێر کرابوون، لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ