سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: دوو درۆن لە ئاسمانی خەلیفان خرانە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوو درۆن لەلایەن فڕۆکەی هاوپەیمانانەوە خرانە خوارەوە.

رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەمێک لەمەوبەر دوو درۆن بە ئاسمانی ئیدارەکەماندا تێپەڕین."
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، درۆنەکان لە سنووری قەزای خەلیفان خراونەتە خوارەوە. 
 
هەڵگورد شێخ نەجیب باسی لەوەش کرد، خستنەخوارەوەی درۆنەکان هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.
 
دژەتیرۆری کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ کاژێر 05:04ـی ئێوارە، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی پارێزگای هەولێر کرابوون، لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.
 
دژەتیرۆری کوردستان دەڵێ، کە خستنەخوارەوەی درۆنەکان هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێنەکەوتووەتەوە.
 
خستنەخوارەوەی درۆنەکان لە کاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ بە درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی. ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر بە رووداوی گوت، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو کەس بریندار بوون.
 
سەرچاوەیەک لە کەمپی ئازادیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە کۆیە بە رووداوی راگەیاند، ئەم ئێوارەیە بە درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپەکە.
 
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، لە هەشتی ئەم مانگەوە ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە راگەیێندراوە.