رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژ بۆ فەرمانبەرانی کوردی ئێزدی لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان لە پارێزگای نەینەوا کرایە پشوو.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی کە کوردی ئێزدییە، ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە بڕیاری عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بۆ فەرمانبەرانی کوردی ئێزدی لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانی پارێزگەکە پشووە، ئەوەش بەبۆنەی هاتنی جەژنی سەری ساڵیانەوە.
جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی بە (چوارشەممەی سوور) ناسراوە. ساڵانە کوردانی ئێزدی لە سێیەمین چوارشەممەی مانگی نیسان (بە رۆژژمێری زایینی، یەکەم رۆژی مانگی نیسان بە رۆژژمێری هەتاوی) تێیدا ئاهەنگ دەگێڕن. لەو رۆژەدا کوردانی ئێزدی لە ناوچە جیاجیاکانەوە سەردانی مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانیان دەکەن.
رۆژی 13ـی نیسانی 2026، خالید نەرمۆ، راوێژکاری ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدییان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەهۆی دۆخی گشتیی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەم ساڵ هیچ رێوڕەسمێکی جەژنی سەری ساڵ لە پەرستگای لالش ناکرێ."
راوێژکارەکەی ئەنجوومەنی رۆحانی گوتی: "ساڵانە لەم رۆژەدا نزیکەی 30 هەزار کەس لە پەرستگای لالش کۆدەبوونەوە، بەڵام بۆ ئەم ساڵ کە یادەکە دەكەوێتە 15ی نیسان، هیچ کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەک لە لالش نابێت. خەڵک دەتوانن لە ماڵەکانی خۆیاندا رێوڕەسمی جەژن بەڕێوەببەن."
بەشێک لە کوردانی ئێزدی لەو رۆژەدا سەردانی گۆرستانەکان دەکەن، لە ماڵەکاندا جۆرە نانێک دروست دەکرێت، کە پێیدەگوترێت "سەوک"، دواتر نانەکە دەبەشنەوە، جگە لەوەش هێلکە رەنگ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ