رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی ئەندامێکی کوردی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، بۆ یەکەم جار لە مێژووی دانیشتنەکانیان، ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین رێز لە قوربانییانی ئەنفال دەگرێ و بۆ ئەو مەبەستە خولەکێک بێدەنگی لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەکەدا راگیرا.
یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەمڕۆ (سێشەممە، 14ی نیسانی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ یاداشتێکم پێشکێشی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین کرد بۆ ئەوەی وەک رێزلێنانێک لە زیاتر لە 182 هەزار ئەنفالکراو، خولەکێک بێدەنگی رابگیرێ."
ئەنفال بە 8 قۆناخ جێبەجێکرا. قۆناخی یەکەمی لە دۆڵی جافایەتی لە 23ـی شوباتی 1988دەستیپێکرد. دوایین قۆناخیش لە بادینان لە 25ی ئابی 1988جێبەجێکرا. لە ئەنفالدا زیاتر لە چوار هەزار گوند وێران کران و نزیکەی 182 هەزار کەسیش ئەنفال کران.
یاسین داودی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین داواکەی پەسندکرد و خستییە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکە. گوتیشی: "لە دانیشتنەکەدا بۆ یەکەمجار ئەندامانی ئەنجوومەنەکە خولەکێک بێدەنگ وەستان و سوورەتی فاتیحە بۆ گیانی قوربانییان خوێندرا."
ئەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ 14ـی نیسان، 38 ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفال تێدەپەڕێت، تێیدا دەسەڵاتی بەعس زیاتر لە 182 هەزار کوردی کۆمەڵکوژ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ