چیرۆکی هێرشی سەر قوتابخانەکەی رووها و دوایین زانیاری لەبارەی رووداوەکە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ماشەڵڵا دەکاک
ماشەڵڵا دەکاک
ساتی هێرشی سەر قوتابخانەکە
ساتی هێرشی سەر قوتابخانەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە قەزای سوێرەگی سەر بە پارێزگای رووها، قوتابییەک هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەک و لە ئەنجامدا 16 کەس بریندار بوون، تەندروستیی 3 مامۆستا ناجێگیرە.
 
لە سەرەتای ئەم ڤیتییە دیمەنەکان دەبینن. لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی قەزای سوێرەگ، قوتابییەک بە تفەنگەوە دەچێتە نێو قوتابخانەکە و هەر کەسێک بێتە بەردەمی، دەستڕێژی گولـلەی لێ دەکات.
 
لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، 10 قوتابی، 4 مامۆستا، فەرمانبەرێکی قوتابخانەکە و پۆلیسێک بریندار بوون. ئەو خێزانانەی هەواڵەکەیان بیست، دەستبەجێ روویان لە قوتابخانەکە کرد بۆ هەواڵپرسیی منداڵەکانیان.
 
کەنان پۆڵات، باوکی یەکێک لە قوتابییەکانە و باس لەو ساتە دەکات: "بەیانی چووبوومە گوندی ئەخجوون، لە ماڵەوە تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان لە قوتابخانەی کوڕەکەت رووداوێک روویداوە. ئۆتۆمبێل نەبوو، بۆیە بەپێ 45 کیلۆمەتر لە گوندەکەوە تاوەکو سوێرەگ هاتم. چوومە نەخۆشخانە، بەڵام دواتر بینیم کوڕەکەم لە پارکێکدا خۆی شاردووەتەوە."
 
ئەحمەد یاپجی، باوکی قوتابییەکی دیکەیە و دەڵێت: "ئەمە دڕندەییە، نەدەبوو رووداوێکی وەها لە شوێنێکی پەروەردەییدا رووبدات."
 
ئەو منداڵانەی شایەتحاڵی رووداوەکە بوون، لە ترسا دەلەرزین و بە نیگەرانییەوە باسی ئەو ساتە دەکەن. ئەحمەد یەڵدز، یەکێک لە شایەتحاڵەکان دەڵێت: "من لە بەردەم دەرگەی قوتابخانەکە بووم، بینیم بە تفەنگێکی پۆمپالییەوە چووە ژوورەوە. سەرەتا تەقەی لە تۆپێکی یاری کرد و تۆپەکەی تەقاند، دواتر دەستڕێژی لە قوتابیان و مامۆستاکان کرد."
 
هێرشکارەکە کە لەدایکبووی ساڵی 2007ـە، لەم رووداوەدا خۆی کوشت. تاوەکو ئێستا زانیاریی ورد لەسەر ناسنامەکەی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام زانراوە کە پێشتر لەو قوتابخانەیە خوێندوویەتی و دواتر بە شێوازی خوێندنی دەرەکی بەردەوام بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە