رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند: "یەکێک لەو سێ پێشمەرگەیەی لە هێرشە درۆنییەکەی ئەمڕۆی سەر کەمپی سوورداش بریندار بوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهیدبوو".
رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەمێک لەمەوبەر یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکان بە ناوی (غەزال مەولان) بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید بوو."
لەبارەی دۆخی بریندارەکانی دیکەی هەمان هێرش، ئەمجەد حوسێن پەناهی گوتی: "دوو بریندارەکەی دیکەمان ماون و تەندروستییان جێگیرە."
ئازاد سەڵاواتی، بەرپرسی ئەمنیی کۆمەڵەی زەحمەتكێشانیش هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە.
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هاوڕێ غەزاڵ مەولان چەپەراباد، پێشمەرگەی کۆمەڵە، گیانی لەدەستدا. هاوڕێ غەزاڵ کە ئەم ئێوارەیە بەهۆی هێرشی درۆنیی کۆماری ئیسلامییەوە بریندار ببوو، دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و بە کاروانی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و کوردستان پەیوەست بوو".
غەزاڵ خەڵکی شاری مهاباد بوو.
ئەم ئێوارەیە سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر یەکێک لە کەمپەکانیان لە سوورداش لە پارێزگای سلێمانی و لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە بریندار بوون.
کەمپی سوورداش، کەمپی هاوبەشی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە.
هەر ئەمڕۆ کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە."
هاوکات هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەر ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ئێوارەیە دوو درۆن بە ئاسمانی ئیدارەکەماندا تێپەڕین."
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، درۆنەکان لە سنووری قەزای خەلیفان خراونەتە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 05:04ـی ئێوارە، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی پارێزگای هەولێر کرابوون، لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ