رووداو دیجیتاڵ
ناوچەی خۆشناوەتی دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر و بە سرووشتە شاخاوی و دڵگیرەکەی ناسراوە. ئەم ساڵ دوای چەندین شەپۆلی بارانبارینی یەک لەدوای یەک، سیمایەکی دڵڕفێنی وەرگرتووە. هاتنی بەهارێکی پڕ لە سەوزایی وایکردووە تەواوی دۆڵ و گرد و چیاکانی ناوچەکە بەرگی سەوز بپۆشن.
بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی بارانبارینەوە کە لە وەرزی زستان و سەرەتای بەهاردا باری، سرووشتی ناوچەکە بە تەواوی بووژاوەتەوە. کانیاو و سەرچاوەکانی ئاو، کە زۆربەیان لە ساڵانی پێشوودا کەم ئاو یان وشکیان کردبوو، جارێکی دیکە ژیاونەتەوە و بەهۆیشیانەوە زەوییە کشتوکاڵییەکان و باخەکانی دەوروبەری بەشێوەیەکی زۆر باش زیندوو بوونەتەوە.
یەکێک لە دیمەنە هەرە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ساڵی خۆشناوەتی، سەرڕێژبوونی بەنداوی ئاقوبانە. ئەم بەنداوە کە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و سوودوەرگرتن لێی دروستکراوە. ئاوەکە بە شێوەیەکی جوان بەسەر بەربەستەکەدا دێتە خوارەوە و جوانییەکی تایبەتی بە ناوچەکە بەخشیوە.