رووداو - کەرکووک
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی کەرکووک دەڵێت: لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکاریانەی لە کەرکووک کراون، 119 پۆست کە پێشتر بە دەست کوردەوە بوون دراونەتە پێکهاتەی دیکە.
مەریوان نادر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو نزیکەی دوو ساڵی پێش ئێستا، زۆرینەی رەهای پۆستەکان لە کەرکووک بەدەست کوردەوە بوون، بەڵام دوای ئەوەی دەسەڵات لە پارێزگاکە بەدەست کوردەوە نەما، ئەمجارە بەناوی گەڕانەوەی هاوسەنگی هەر لە بەڕێوەبەری هۆبەیەکەوە تاوەکو بەڕێوەبەرێکی گشتی، نزیکەی 119 پۆست گۆڕدراون و دراون بە عەرەب و تورکمان."
مەریوان نادر گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەی ئەو گۆڕانکاریانە کراون، دەتوانم بڵێم لە فەرمانگەکانی کەرکووک لەوانەیە هێشتا کورد زۆرینە بێت، بەڵام پۆستەکان زۆر هەستیار نین، کە بەدەستی کوردەوەن."
هەروەها عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"کورد لە کەرکووک بەدەیان پۆستی گرنگی لەدەستداوە، لەنێویاندا بەڕێوەبەری هەواڵگری کەرکووک، بەڕێوەبەری ئەمنی نیشتیمانیی کەرکووک و بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکان، کە هەرسێیان گرنگن و تایبەتمەندی خۆیان هەیە. پۆستەکانیش لە لایەن عەرەب و تورکمان بەڕێوە دەبردرێن."
گوتیشی: "دەیان بنکەی پۆلیسی دیکە، کە ئێستا هەمووی دراونەتە خەڵکی نەتەوەکانی دیکە. لەم دواییەش بەڕێوەبەری کاروباری هۆزەکان ئەویش لە کورد سەندرایەوە و درایە عەرەب."
ئەو 119 پۆستەی لە کورد وەرگیراونەتەوە:
52 پۆستی ئەمنی
22 پۆستی تەندروستی
11 بەرپرسی بەش لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی
18 پۆستی ئیداری
16 پۆستی دیکە
پۆستە ئیدارییەکان:
پارێزگار
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا
قائیمقامی ناوەند
قائیمقامی خورماتوو
قائیمقامی داقووق
بەڕێوەبەری شارۆچکەی دووبز
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک
بەڕێوەبەری سایلۆ
بەڕێوەبەری ئاو
چەند پۆستێک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور
پۆستە ئەمنییەکان:
بەڕێوەبەری پۆلیس
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکان
بەرپرسی هەواڵگری
بەرپرسی هۆبەی ئاسایشی نیشتمانی


