رووداو-سلێمانی
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت پێداگرن لەسەر بەدەستهێنانی سیستەمی لامەرکەزی بۆ سلێمانی و دەڵێت بەزوویی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی لامەرکەزی کۆدەبنەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند:"لە ئایندەیەکی نزیکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیری ناوخۆ، وەزیرە پەیوەندیدارەکان، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان کۆدەبینەوە. بڕیارە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە لامەرکەزی بکرێت بۆئەوەی بزانرێت داخوازی ئێمە چییە و حکومەت دەبێت چی بکات؟"
هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی:" ئەگەر کۆرۆنا رێگەبدات و بارودۆخی دارایی باشتر بێت، دەکرێت پێش جەژن کۆبوونەوەکە بەڕێوەبچێت، ئەگەر نەتوانرا لەدوای جەژنی رەمەزان کۆبوونەوەکە ئەنجامدەدرێت."
ساڵی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پرۆژەی لامەركەزی پەسندكرد و داوای پێدانی دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی سلێمانی كرد، دواتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بۆ هەموو پارێزگارەكانی كوردستان زیادكرد.
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پشت بە ماددەى (2) و (5)ى یاساى ژمارە (3)ى ساڵى (2009)ى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەبەستێت بۆ داواکردنی لامەرکەزی، ئەوەش بەمەبەستی دابەزاندنى دەسەڵاتەکان بۆ خوارەوە. لەو دوو ماددەیەی یاساکەشدا بەمشێوەیە باسکراوە:
ماددەی دووەمی یاسای ژمارە سێی ئەنجوومەنی پارێزگاکان:
- ئەم یاسایە دەسەڵات و بەرپرسیاری ئەنجوومەنەکان و سەرۆکەکانیان و ئەندامەکانی دەستنیشاندەکات بۆ پتەوکردنی پرەنسیپی ناسەنتەری لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و چاککردنی گەیاندنی خزمەتگوزاریی گشتی بۆ هاووڵاتیان و پاراستنی مافەکان و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی یەکە کارگێڕییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
ماددەی پێنجەمی یاسای ژمارە سێی ئەنجوومەنی پارێزگاکان:
ئەنجوومەنی پارێزگا دەسەڵاتی چاودێرییە لەناو سنووری کارگێڕیی پارێزگادا، مافی ئەوەی هەیە بڕیار و پێڕەو و رێنماییەکان بۆ رێکخستنی کاروباری کارگێڕی و دارایی لەناو سنووری پارێزگادا دەربچوێنێت، تاوەکو بتوانێ سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگا بەپێی پرەنسیپی ناسەنتەری بەڕێوەبردنی کارگێڕی بکات، بەجۆرێکی وا کە ناکۆک نەبێ لەگەڵ دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمدا.


.jpg&w=3840&q=75)
